کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەبوونی دەرمان لە ئیلام ناڕەزایەتیی خەڵکی لێکەوتووەتەوە

10:42 - 12 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: نەخۆشەکانی دیابێتی لە ئیلام لەگەڵ نەبوونی دەرمانی "ئەنسۆلین" بەرەوڕوون و داوایان لە کاربەدەستانی پێوەندیدار کردووە کە ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە خۆجێییەکانی پارێزگای ئیلام، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئەو نەخۆشانەی کە "دیابێتـ"ـیان هەیه، کێشەیان بۆ هاتووەتە پێش و بەهۆی نەبوونی دەرمانی ئەنسۆلین، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

هاووڵاتییانی پارێزگای ئیلام وتوویانە کە ئەو دەرمانە زۆر پێویستە و دەبێ بەرپرسانی پێوەندیدار وڵامدەر بن. هەروەها نرخی دەرمانی ئەنسۆلین بەرز بووەتەوە.

وەرزەی بەهاری ئەمساڵ، نەخۆشەکانی "دیابێت"ی لە شاری دەڕەشار، لەگەڵ نەبوونی دەرمانی ئەنسۆلین بەرووڕوو ببوونەوە.

هاووڵاتییان بۆ کڕینی دەرمانی ئەنسۆلین ڕێگای ٤١٠ کیلۆمیترییان دەبڕی.

لە شاری سنەش نەخۆشەکانی "هێمۆفیلی" لەگەڵ کەمبوونی دەرمانەکانی ئەم نەخۆشییە بەرەوڕوون. ١٣٦ کەسی تووشبوو بە هێمۆفیلی لەم پارێزگایەدا هەن کە دۆخی تەندروستییان باش نییە و پێویستیان بە چاوەدێریی تایبەت هەیە.

گرانبوونی نرخی دەرمان و دستنەکەوتنیان لە کاتی خۆیدا، تووشبووان بە نەخۆشییە تایبەتەکانی تووشی گرفت کردووە؛ نەخۆشەکان لەمبارەوە نیگەرانن و لە نەبوونی ئەم دەرمانانە دەناڵێنن.

شپرزەبوونی دۆخی ئابووریی ئێران، بووەتە هۆی دروستبوونی کێشە بۆ خەڵک و زیاتر لە هەر شتێکیش گرانبوون و دەستنەکەوتنی دەرمانی نەخۆشییە تایبەتەکانی لێکەوتووەتەوە کە لەسەر ژیانی خەڵک کاریگەریی زۆری داناوە.