کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەبوونی شوێنی فڕێدانی زبڵ لە ئیلام، ناڕەزایەتیی خەڵکی لێکەوتووەتەوە

11:42 - 18 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: نەخۆشخانەی "زاگرۆس" لە شاری ئیلام بە شێوەی ناستاندارد زبڵی ئەو نەخۆشخانەیە فڕی دەدات و ئەوەش ناڕەزایەتیی خەڵکی لێکەوتووەتەوە.

هاووڵاتییان لە پارێزگای ئیلامدا، به‌هۆی ئەوەیکە نەخۆشخانەی "زاگرۆس" لەو شارەدا، زبڵ و پاشماوەکانی بە شێوەی گونجاو فڕی نادات، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

خەڵک داوایان لە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە بەشی تەندروستی و ژینگەی ئەو شارەدا کردووە کە هەوڵێک بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە بدەن.

نەخۆشخانەی زاگرۆس زبڵەکانی بێ جیاکردنەوە، لەسەر شەقامدا فڕێ دەدات.

فڕێدانی ئەو زبڵە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی مەترسیدار لەو شارەدا.

نەبوونی شوێنی گونجاو بۆ فڕێدانی زبڵ، بەتایبەتی زبڵی نەخۆشخانە کە دەبێ بە شێوەی ستاندارد لەنێو ببردرێت، لە ئێران و کوردستاندا کێشەی زۆری لێکەوتووەتەوە.

ساڵی ٨٣ی هەتاوی یاسایەک پەسند کرا کە دەبێ زبڵی نەخۆشخانە بە شێوەی ستاندارد لەنێو بچێت.

کاربەدەستانی ڕێژیم وتوویانە، ئەو یاسایە پێڕەو ناکرێت و هیچ یاسایەکیش لەبەرچاو ناگیرێت.

زبڵی نەخۆشخانە وەک زبڵی تایبەت ئەژمار دەکرێت و بۆ لەنێوبردنی دەبێ ڕێوشوێنی تایبەتی بۆ ئەنجام بدرێت.