کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەبوونی ئینترنێت لە ئێران کێشەی بۆ قوتابییان دروست کردووە

12:29 - 12 خاکەلێوه 2720

 قوتابییان لە ئێران لەدەست پێڕاگەیشتن بە ئێنتێرنت بێبەرین و ناتوانن بە شێوەی مەجازی وانە بخوێنن.

''موحسێن حاجی میرزایی''، وەزیری پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم، دانی بەوەدا ناوە کە ٨٦٩ هەزار و ٤٠٠ کەس کە دەکاتە ٩.٦ لەسەدی قوتابییان لە ئێران، لەدەست پێڕاگەیشتن بە ئینتێرنێت بێبەرین.

لە ماوەی ڕابردوودا مامۆستایانی ئێران داوایان لە وەزیری ''پەروەردە و بارهێنان'' کردبوو کە بۆ پاراستنی گیانی قوتابییان و پێشگیری لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە قوتابخانەکان، پێویستە بە شێوەی مەجازی لە ڕێگەی ئێنتێرنێتەوە وانە بوترێتەوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە قوتابیی گوند و ناوچە پەراوێزخراوەکان ئینتێرنێتیان نییە و ناتوانن لە ڕێگەی مەجازییەوە وانەکانیان بخوێنن.

لە زۆربەی وڵاتان و قوتابخانەکانی جیهان بە کەڵک وەرگرتن لە ئینتێرنێت و بۆ پاراستنی تەندروستیی قوتابییان لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوەی مەجازی وانە دەڵێنەوە.

بەڵام لە ئێراندا بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری لە قوتابخانەکان، بەتایبەتی ئینتێرنت، قوتابییان لەو خزمەتگوزارییە ناتوانن کەڵک وەربگرن.

تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چەند مانگی ڕابردوو لە جیهان، ئێرانیشی گرتەوە کە بەردەوام قوربانی دەگرێت و هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ گیانی خەڵکی ئێران، بەڵام ڕێژیمی ئیسلامی وەکوو پیشەی هەمیشەیی خۆی هیچ هەوڵێکی لە پێناو پاراستنی گیانی خەڵکدا نەداوە و گرنگیی پێ نادات.