کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناتوانایی بەرپرسانی ڕێژیم بۆ لەنێوبردنی زبڵ و خاشاک کێشە بۆ خەڵک درووست دەکات

09:59 - 25 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: بۆ جاریکی دیکە خەڵکی گوندی گردکاشان پێشیان بە هێنانی زبڵی شاری شنۆ بۆ ئەو گوندە گرت.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، خەڵکی گوندی گردکاشان، بۆ جارێکی دیکە ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەمبەر هێنانی زبڵی شاری شنۆ بۆ ئەو گوندەیان دەربڕێوە و ئەمە بووەتە هۆی بێزاریی خەڵکی گوندەکە و لە هەمبەردا بەرپرسانی ڕێژیمیش لەو شارەدا هیچ سەرنجێک نادەنە خواستەکانی خەڵکی ئەو گوندە.

خاڵیکردنی پاشماوەی زبڵەکان لە نزیکی ئەو گوندە و دەوروبەری، جگە لە خەسارگەیاندن بە ژینگەی ئەو ناوچەیە و هەروەها بۆنێکی ناخۆش، دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیگەلێکی مەترسیدار لە وەرزی گەرمادا.

ئەمە بۆ دووهەمین جارە خەڵکی گوندی گردکاشان، لە هەمبەر ئەو دۆخە ناڕەزایەتی دەردەبڕن و هێشتاش بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕێژیم لەو شارەدا هیچ هەنگاوێکیان هەڵ نەگرتووە.