کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەتەوەکانی ئێران بەشدارییان لە کۆنفڕانسی \"مافی دیاریکردنی چارەنوس\" لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد

17:48 - 27 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: نوێنەری چەندین ڕێکخراوی سەر بە نەتەوەکانی ئێران ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ١٥ی سێپتامبری ٢٠١٦ و هاوکات لەگەڵ ٣٣هەمین خولی دانیشتنی شوورای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێنێڤ لە کۆنفڕانسێکدا لەژێر ناوی مافی دیاریکردنی چارەنووس بەشدارییان کرد.

بەپێی ئەم هەواڵە، لەم کۆنفڕانسەدا کە لەلایەن چەند ڕێکخراوێکی نێونەتەوەیی خاوەن کورسیی ڕاوێژکاری لە نەتەوە یەکگرتووەکان، و هاوکارییەکانی ناوەندی مافەکانی مرۆڤی زاگرۆس ڕێکخرابوو، نوێنەری دامەزراوە چالاکەکان لە بواری مافی کەمینە نەتەوەییەکان قسەیان کرد. کە گرینگترینیان بریتی بوو لە نەتەوەی کورد، تامیل، هاوایی، عەرەبەکانی ئەهواز و سەحراوییەکان.

لەم کۆنفڕانسەدا کە لەلایەن نوێنەری وڵاتانی جیهان و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا، لایەنە یاسایی و نێونەتەوەییەکانی مافی دیاریکردنی چاەرەنووس و شێوازی گەیشتن بەم مافانە و شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی وڵاتان خرانە بەرباس.

بابان ئەلیاسی وەکوو نوێنەری ناوەندی مافەکانی مرۆڤی زاگرۆس و کەریم عەبدیان وەک نوێنەری ناوەندی مافی مرۆڤی ئەهواز لەم دانیشتنەدا باسیان لە کێشەکانی هەر دوو نەتەوەی کورد و عەرەب لە ئێراندا کرد.

بابان ئەلیاسی بە نوێنەرایەتی لەلایەن کوردەکان، لە قسەکانیدا وێڕای شی کردنەوەی بارودۆخی کوردەکان لە چوار پارچەی کوردستان، باسی لەوە کرد کە خەباتی چەکداری بە سەر ئەم نەتەوەدا سەپاوە و دەسپێکردنەوەی خەبات لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەهۆی سەرنج نەدانی حکومەتی ناوەندی بە ویستە مرۆیی و نەتەوەییەکانیان هاتۆتە ئاراوە؛ ناوبراو لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی کرد کە سەرنجی زیاتر و وردتر بدەنە پرسی کوردەکان و مافی دیاریکردنی چارەنووسیان.

نوێنەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئەهوازیش لەم دانیشتنەدا باسی لە دۆخی نالەباری عەرەبەکانی ئێران کرد و وتی؛ حکومەتی تاران هیچ بایەخێک بۆ گەلانی ئێران دانانێت و بەردەوام لە هەوڵی تواندنەوەی نەتەوەکانە و پێویستە هەنگاوگەلی جیددیتر لە بەرانبەر دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامی بگیرێتە بەر.