کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

''نەجیبوڵڵا کابۆلی'': دەستیوەردانەکانی ئێران لە ئەفغانستان مەترسیدارتر لە کۆرۆنایە

19:31 - 6 بانەمەڕ 2720

''نەجیبوڵڵا کابۆلی''، بەرپرسی حیزبی "موشارکەتی میللیی ئەفغانستان"، ڕۆژی هەینی ٥ی بانەمەر، بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە فەیسبووک وتوویەتی کە ڤایرۆسی دەستیوەردانەکانی ئێران لە ئەفغانستان مەترسیدارتر لە ڤایرۆسی کرۆنایە.

ناوبراو وتوویەتی، ڕێژیمی ئێران ٤٠ ساڵە لە کاروباری ئەفغانستاندا دەستێوەدان دەکات، ئەم دەستێوەردانە لە سەردەمی بروجێردی هەتا ئێستا درێژەی هەیە.

"کابۆلی" جەختی کردووەتەوە: ''محەممەد تاهیریان، نوێنەری تایبەتی ڕێژیمی ئێران هاتووەتە ئەفغانستان و پێشنیاری حکوومەتی هاوبەش بە ئێمە دەدات، لە حاڵێکدا کەسانی ڕێفۆرمیستی خۆیان لە ماڵەکانیاندا زیندانین و دەتوانێت بچێتەوە ئێران و لەوێ داوای حکوومەتی هاوبەش بکات".

ناوبراو وتوویەتی: "من دەستێوەردانەکانی ئێران لە ئەفغانستان مەحکووم دەکەم؛ هاتنی نوێنەری ئێران بۆ کابۆل لە بەدفەڕییەک زیاتر نییە؛ دەستێوەدانەکانی ئێران لە ئەفغانستان وەکوو ڤایرۆسێکە".

 ''نەجیبوڵڵا کابۆلی'' باسی لەوە کردووە کە لە ئێران کەسانێک هەن کە بەهۆی بیر و باوەڕیانەوە لە زینداندان؛ لە ئێران ئازادیی دەربڕین سەرکوت دەکرێت؛ سەرەڕای هەمووی ئەم کێشانەی کە لە ئێران هەیە، بۆچی ''تاهیریان'' داوا لە ئەفغانستان دەکات کە لەو وڵاتەدا حکوومەتی هاوبەش پێک بێت.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وەکوو ڕێگاچارەیەک بۆ بنبەستی سیاسی لە ئەفغانستان تەرحی ''حکوومەتی هاوبەشـ''ـی بەو وڵاتە پێشنیار کردووە، بەڵام ئامانجی سەرەکیی ڕێژیم لە پێشنیاری ئەم تەرحە ئەوەیە کە دەستێوەردانەکانی بۆ پەرەپێدانی ئیدیۆلۆژی خۆی زیاتر بکات.