کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەخوێندەواری لە کوردستاندا بنبڕ ناکرێت

11:11 - 6 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: نەخوێندەواری لە کوردستان و ئێراندا، ئاماری سەرسووڕهێنەری هەیە و کاربەدەستانی ڕێژیمیش ماوە بە ماوەی جێژنی بنبڕکردنی نەخوێندەواری دەگرن یا ئاماری چوونەسەرەوەی ڕێژەی خوێندەواری بڵاو دەکەنەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێران، لە پارێزگای سنه، لە ڕێوڕەسمی حەوتووی "سەوادئامووزیـ"ـدا باسی لەوە کردووە: ٥٠ هەزار کەس لەو پارێزگایە نەخوێندەوارن و ئەوەش ئامارێکە کە قەبووڵکردنی سەخته.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم جەختی کردووەتەوە، پارێزگای سنە لە بواری پێوەری خوێندەوارییەوە لە ئاستێکی خوارەوەدایە، ئەوەش جێگای داخه و بۆ بنبڕکردنی نەخوێندەواری دەبێت هەموو بەرپرسان و ناوەندە پێوەندیدارەکان هاوکاری بکەن.

لە ئامارێکدا کە ١٥ی خاکەلێوە، لە لایەن ڕێکخراوی "نهضت سوادآموزیـ"ـیەوە بڵاو کرایەوە، بەپێی سەرژمێری گشتیی هاووڵاتییان لە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاویدا، ٨ میلیۆن و ٨٠٠ هەزار کەس لە ئێراندا نەخوێندەوارن.

بەپێی ئەم ئامارە، ژمارەی نەخوێندەواران و کەمخوێندەواران لە ١٣ پارێزگای ئێراندا بەرز بووەتەوە، لە پارێزگا سنوورییەکانی ئێران، ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن و نەخوێندەواری لە چاو بەشەکانی تری ئێراندا زۆر لەسەرترە، بە شێوەیەک کە پارێزگای بەلووچستان لە پلەی یەکەمدایە و پارێزگای کوردستان لە پلەی دووهەمدایە.

ئەگەرچی بەپێی یاسای بنەڕەتیی خودی ڕێژیم، دەبێ دەوڵەت هەموو ئاسانکارییەک دابین بکات بۆ ئەوەی کە خوێندن لەو وڵاتەدا تا قۆناغی دواناوەندی بەبێ بەرانبەر و حکوومەتی بێت، بەڵام ڕێژیمی ئێران زۆرجار پارە و تێچووی قۆتابخانەکان و تەنانەت مووچەی مامۆستاکانیش لە قوتابیان وەر دەگرێت.