کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەخۆشخانەکانی تاران دەرگا بە ڕووی نەخۆشەکاندا دادەخات

12:08 - 17 خەزەڵوەر 2720

بەهۆی دۆخی خراپی کۆرۆنا لە ئێران، نەخۆشخانەکانی تاران دەرگا بۆ نەخۆشەکانی دیکە ناکەنەوە و زۆر بەشی نەخۆشخانەکانیش تایبەت کراوە بە نەخۆشەکانی کۆرۆنا.

لە حاڵێکدا کە ئاماری قوربانییانی کۆرۆنا لە ئێران هەروا ڕووی لە زیادبوونە، ڕێژیمی ئێرانیش دەستی بە دانانی هەندێک سنوور لە ڕێوشوێنی سنووردانانە کاتییەکانی ئورووپا کردووە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، ٤٢٤ کەس لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا گیانیان لەدەست داوە کە ئاماری تووشبووان هەتا ئێستا ٣٧ هەزار و ٤٠٩ کەسە.

تا ئێستا ٢٧ پارێزگا لە دۆخی سووردان و ٤ پارێزگاش لە دۆخی نارنجی و زەرددان و تارانیش وەکوو یەکبڕێک بۆ بڵاوبوونەوە و تەشەنەی زیاتری ئەو ڤایرۆسە چاوی لێ دەکرێت.

"عەلیڕەزا زاڵی" فەرماندەی عەمەلیاتیی بەڕێوبەریی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕایگەیاندووە: "لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا ڕێژەیەک لە بەشە ئاساییەکانی نەخۆشخانەکان کراوەتە بەشی تایبەتی کۆرۆنایی، بزانن کە تاران لە دۆخێکی مەترسیداردایە و ئەگەر دۆخ هەروا بڕوات، لەگەڵ نوقسانیگەلی دەرمانیی زۆر بەرەوڕوو دەبین".

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە کە تەنیا ڕێگای بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم بابەتە داخستنی دەرگای نەخۆشخانەکانە.

ئەو شێوازە لە بەڕێوبەریی قەیران لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆی بەدواوە هاتنی قەیرانی دیکە کە لەوانە نەبوون یان کەمبوون و درەنگ گەیشتنی خزمەتگوزارییە دەرمانی و پزیشکییەکان بۆ تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەن و تایبەتەکان.

ئەو سنووردانانەی وەزارەتی تەندروستی و نەخۆشخانەکان لێکەوتەی نەرێنی و ناڕەزایەتیی بەدواوە دەبێت و ڕۆژ بۆ ڕۆژیش کادری دەرمان و پزیشک و پەرستار ئاستی توانایان دادەبەزێت.