کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەخۆشخانەکانی ورمێ بۆ چارەسەرکردنی تووشبووان بە کۆرۆنا کێشەی جیددییان هەیە

12:55 - 14 گەلاوێژ 2720

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ورمێ زیاتر تەشەنە دەستێنێت و دۆخێکی نالەباری پێک هێناوە، بەڵام نەخۆشخانەکانی ئەو شارە لەگەڵ کەمیی خزمەتگوزاری بەرەوڕوون و توانای ئەوەیان نییە کە بەرەوڕووی ئەم قەیرانە ببنەوە.

هاووڵاتییەکی خەڵکی ورمێ بەنیسبەت دۆخی نەخۆشخانەکانی ئەو شارە باسی لەوە کردووە کە پێرسۆنێلی نەخۆشخانەکان مووچەیان پێ نەدراوە و دۆخی نەخۆشخانەکان زۆر نالەبارە و لەگەڵ کەمیی تەخت بەرەوڕوون.

ئەو هاووڵایەتییە وتوویەتی: "نەخۆشخانەکان لەگەڵ کەمیی کەپسولی ئۆکسیژێن بەرەوڕوون، بە شێوەیەک کە هەندێک جاڕ بەهۆی نەبوونی کەپسولی ئۆکسیژێن، ئەو نەخۆشانەی کە دۆخی تەندروستییان باش نییە، گیانیان لەدەست دەدەن".

هەروەها هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن کە تێچووی تاقیکاری لە نەخۆشخانەکانی ورمێ بەخۆڕایی نییە و لە هەندێک لە نەخۆشاخانەکان بۆ تاقیکاریی کۆرۆنا، ٥٥٠ هەزار هەتا ٧٠٠ هەزار تمەن دیاری کراوە و لە تاقیکارییە تایبەتەکان ٩٠٠ هەزار تمەن وەردەگرن.

دۆخی پارێزگای ورمێ لەلایەن ڕێژیمیەوە سوور ڕاگەیەندراوە و بەنیسبەت ئەم دۆخە هۆشداری دەدەن، بەڵام هیچ گرینگییەک بە دۆخی تەندروستیی ئەو پارێزگایانە نادەن و بۆ پێشگیری و کۆنترۆڵی نەخۆشیی کۆرۆنا هەنگاوێکیان هەڵنەگرتووە.