کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەخۆشخانەکانی کوردستان بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆناوە لە دۆخێکی قەیرانی دان

12:26 - 26 رەشەمه 2719

لە شارەکانی کوردستان سەرەڕای ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران بۆ پێشگرتن لە نەخۆشیی کۆرۆنا هاوکارییەک بە خەڵک نادات دۆخی نەخۆشخانەکانیش بەهۆی کۆرۆناوە زۆر شپرزەیە.

لە بۆکان ئاماری تووشبووان بە نەخۆشیی کۆرۆناوە بەرز دەبێتەوە و لە هەمان کاتیشدا چەندین کەس بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی زانیارییەکانی یەکێک لە بەرپرسانی نەخۆشخانەی بۆکان، هەتا ئێستا چەندین کەس بە نەخۆشیی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە و ئاماری گیان لەدەستداوانیش بەردەوام بەرز دەبێتەوە بەڵام پزیشکەکان پێیان ڕاگەیەندراوە نابێ ئامارێک لەوبارەیەوە بڵاو بکەنەوە.

بەپێی زانیارییەکان لە نەخۆشخانەی شاری بۆکان دەیان کەس تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا بوونە و تەنانەت ٥ بنەماڵە لەلایەن بەرپرسانی نەخۆشخانە بەڕێ کراونەتەوە ماڵێ و پێیان وتوون لە ماڵدا خۆتان قەرەنتینه بکەن.

لە نەخۆشخانەی مەهاباد بە هەمان شێوه هەتا ئێستا چەندین کەس بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆناوە لە نەخۆشخانە خەوێندراون. بەپێی ئامارەکانی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" ٧٠ کەس تووشی ئەو نەخۆشییه بوونە.

لە سەردەشت چەند هاووڵاتی بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە و تەرمی ژنێک کە بە کۆرۆنا گیانی لەدەست داوە دوور لە چاوی خەڵک ناشتوویانه.