کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەخۆشخانەکانی ئێران توانای دەرمانکردنی نەخۆشەکانیان نییە

11:19 - 9 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: بەهۆی ئەوەی کە دابینکردنی دەوا و دەرمان تێچوویەکی زۆری بۆ ڕێژیم هەیە، بە پزیشکەکانی نەخۆشخانەکانی سەقز ڕاگەیەندراوە کە هەتا ئەو شوێنەی ئیمکانی هەیە، نەخۆشەکان نەخەوێنن و بە شێوەی سەرپایی دەرمان بکرێن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەهۆی کەمبوون و گرانبوونی بەردەوامی دەوا و دەرمان، نەخۆشخانەی خومەینیی شاری سەقز، خۆی لە چارەسەرکردن و دەرمانی نەخۆشەکان دەبوێرێت.

بەهۆی ئەوەی کە نەخۆشخانە حوکمییەکان بە تێچوویەکی کەمتر خزمەتگوزاریی پزشکی بە هاووڵاتییان دەدەن، کاربەدەستانی ڕێژیم لە شاری سەقز بە شێوەی نهێنی بە پزیشکەکانیان ڕاگەیاندووە کە دەبێ نەخۆشەکان ڕەوانەی ماڵی خۆیان بکرێن و لە خەواندن و گرتنی ئازمایش کە باری ماڵیی نەخۆشخانە زیاد دەکات، خۆ ببوێرن.

بەردەوام نرخی دەرمان لە ئێراندا ڕوی لە زیادبوونە و کڕینی دەرمانە بیانییەکان کە چۆنیەتییان بە بەراورد لەگەڵ هاوشێوە ئێرانییەکەی زۆر لە سەرترەوەیە، نە لە توانای زۆربەی خەڵکدایە و نە ڕێژیم ئامادەیە هەزینەی بۆ بکات.

بازاڕی هاوردەکردن و فرۆشتن و بڵاوکردنەوەی دەرمان لە ئێراندا لە قۆرغی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمدایە، هەر بەم هۆیەشەوە ئەم بازاڕە بووەتە سەرچاوەی داهاتی زەبەلاح بۆ سپای تێرۆریستی پاسداران و کەسانی پەیوەندیدار بەو ناوەندەوە .

لە ساڵانی ڕابردوودا، شیرکەتگەلی دەواسازیی بێ کەیفییەت لە ئێراندا پەرەیان سەندووە و بەشی هەرەزۆری ئەو دەرمانە خراپانە ڕەوانەی شارە کوردنشینەکان دەکرێت. تەنانەت شیرکەتەکانی بڵاوکردنەوەی دەرمان، لە فرۆشتنی دەرمانی شیرکەتەکانی "دارووپەخش" و "تەولیداروو" کە تۆزێک لە چاو ئەوانی دیکە کەیفییەتیان لە سەرترەوەیە بە دەرمانخانەکانی سەقز و کوردستان خۆیان دەبوێرن .