کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەخۆشخانەکانی ئێران لە ئامادەباشیدان

16:25 - 16 رێبەندان 2719

لە سەرجەم نەخۆشخانەکانی ئێراندا بۆ ڤایرۆسی "کرونا" ئامادەباشی ڕاگەیەندراوە و هاوکات هەناردەکردنی ماسک لەلایەن ڕێژیمەوە بۆ چین قەدەغە کراوە.

"عەلیڕەزا ڕەئیسی"، جێگری وەزیری تەندروستیی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، ٨ نەخۆشخانەی تاران ئامادەی وەرگرتنی تووشبووان بە ڤایرۆسی "کرونا"ن.

لە سەرجەم نەخۆشخانەکان ئامادەباشی ڕاگەیەندراوە و هەر پارێزگایەک ئەرکدار کراوە بەپێی حەشیمەتی پارێزگاکەی، نەخۆشخانەیەک دیاری بکات.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کرونا هیچ ڕوونکردەوەیەکی فەرمی نادەن.

ڕوون نەکردنەوەی فەرمی لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێرانەوە لەبارەی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە لە ئێران و کوردستاندا، بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵک تووشی سەرلێشێواوی بن.

لە چەند شاری ئێراندا باس لەوە کراوە چەند کەس کە گومانیان لەسەر بووە کە تووشی ئەو ڤایرۆسە بوونە، قەرەنتینە کراون.