کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەخۆشخانەکانی ئێران کەمیی پزیشکیان هەیە

12:20 - 17 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە نەخۆشخانەکانی ئێراندا کەمیی پزیشک هەیە و لە لایەکی دیکەوە پزیشکان لە ئێراندا ڕوو لە وڵاتانی دەرەوە دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە "نەوەدی ئیقتسادی" بڵاوی کردووەتەوە، لە نەخۆشخانەکانی زانستی پزیشکیی ئێراندا بۆ هەر ٢ هەزار کەس یەک پزیشک هەیە، بەڵام ستانداری جیهانی ٦ پزیشکە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لە سەرجەم نەخۆشخانەکانی پزیشکیی ئێراندا، بە بێ لەبەرچاوگرتنی نەخۆشخانە تایبەتی، خێرخوازی، ئۆرگانەکان و دابینکردنی کۆمەڵایەتی، ٤٨ هەزار و ٣٣٠ پزیشک چالاکیان هەیە کە بە لەبەرچاوگرتنی حەشیمەتی ٨٢ میلیۆن کەسیی ئێران، بۆ هەر ٢ هەزار کەس ١ پزیشک هەیە.

لە ئاستی جیهاندا سەبارەت بەم بابەتە، بۆ هەر ٢ هەزار کەس ٦ پزیشک دابین کراوە.

لە ئێراندا لە کۆی ١ هەزار و ١٦٩ نەخۆشخانە، ٦٢ لەسەدی نەخۆشخانەکان سەر بە ناوەندی زانستی پزیشکییە.

ماوەیەک پێش، هەواڵدەریی "ئیسنا"، سەر بە ڕێژیم، لە زاری "ئیرەج حەریرچی"، جێگری وەزارەتی بێهداشتی ڕێژیمی ئێرانەوە، بڵاوی کردبووەوە کە بە هۆی کۆچکردنی پزیشکەکان، ئێران لەگەڵ نەبوونی پزیشک بەرەوڕوویە.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکانی خودی ڕێژیم، لە ساڵی ٩٥دا، یەک هەزار و ٩٨٠ پزیشک لە ئێراندا کۆچیان کردووە و هەموو ساڵێک زیاتر لە هەزار پەرستار بەهۆی نەبوونی کار و گرینگینەدانی ڕێژیم بەو توێژە، بۆ وڵاتانی دەرەوە کۆچ دەکەن.