کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەخۆشخانەی خۆی، خۆی نەخۆشیی هەیە

13:19 - 13 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: شاری خۆی سەر بە پارێزگای ورمێ، نەخۆشخانەی گونجاوی بۆ دانیشتووانی ئەو شارە نییە و ماوەی ٢٥ ساڵە هەتا ئیستاش نەخۆشخانەیەکی تەواو نەبووە.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم لە زاری نوێنەری شاری خۆی بڵاویان کردووەتەوە، نزیک بە ٢٥ ساڵ لەمەوبەر، ٣ نەخۆشخانه لە شاری خۆی کوڵینگی بیناکردنیان لێ درا، کەچی هەتا ساڵی ١٣٩٥ی هەتاویش ئەو نەخۆشخانانە تەواو  نەبوون.

دوای ئەو ٢٥ ساڵە بڕیار وایە بە بەشداریی وەزیری بێهداشت کاری ئەو نەخۆشخانانە تەواو بکرێت.

دۆخی نەخۆشخانەکانی شاری خۆی زۆر نالەبارە و بە وتەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەو شاره، نەخۆشخانەکان لەگەڵ کێشەی ڕادیۆلۆژیست بەرەوڕوون و کێشەی بۆ نەخۆشەکان دروست کردووە.

دوو نەخۆشخانەی کۆن لە شاری خۆی هەیە و یەک نەخۆشخانەس لە شاری چاپیارەدا هەیە، کە تەمەنی نزیک بە ١٠٠ ساڵە.

بەرپرسانی ڕێژیمی باس لەوە دەکەن، کە نەخۆشخانەی شاری چایپارە لە شان و شکۆی خەڵکی ئەو شارەدا نییە.

لەو نەخۆشخانەیەدا ژنان و پیاوان لە یەک وتاقدا دەخەوێنرێن.

نەبوونی پزیشک  و پەرستاری لێهاتوو لە نەخۆشخانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات مۆتەکەی هاووڵاتییانە و ماوە بە ماوە ھەواڵێک لە سەر گیان لەدەستدانی هاووڵاتییەکی کورد بە ھۆی ھەڵەی پزیشکی یان لە بەر نەبوونی ئیمکاناتی پزیشکی بڵاو دەبێتەوە.

بەپێی ئەو ئامارانەی کە وەزارەتی بێهداشتی ڕێژیمی ئێران بڵاوی کردوونەتەوە، هەنووکە ٩٠٠ نەخۆشخانە لە ئێران سەرقاڵی خزمەتگوزارین کە لە سەدا ٥٥ی ئەو نەخۆشخانانە پرتووکاون.