کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەخۆشخانەی سەردەشت توانای وڵامدانەوەی بەرکەوتووەکانی کیمیایی نییە

12:44 - 13 رەزبەر 2720

"سەردەشت" کە یەکێک لە بەرکەوتووانی چەکی کۆمەڵکوژیی کیمیاییە و زۆربەی خەڵکی ئەو شارە ئێستاش ئاسەواری ئەو ڕووداوە بەسەر جەستەیانەوە قورسایی دەکات کەچی نەخۆشخانەی ئەو شارە توانایی چارەسەر و پێڕاگەیشتنی بەرکەوتووانی کیمیاییان نییە.

لە کۆی گشتیی ٨ هەزار بەرکەوتووی چەکی کیمیایی سەردەشت هەتا ئێستا لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە یەک هەزار و ٤٠٠ کەسیان ناویان وەکوو بەرکەوتوو و برینداری چەکی کیمیایی تۆمار کراوە کە ئەوانیش کەمترین خزمەتگزارییان بۆ دەکرێت.

له کۆمەڵکوژیی هاووڵاتییانی سڤیلی "سەردەشت" لە ٧ی پووشپەڕی ١٣٦٦ی هەتاوی، ٧ بۆمبی هەڵگری چەکی کیمیایی بەکار هاتن کە ٤ بۆمبیان لەنێو شاری سەردەشت و ٣ بۆمبی دیکەش بەسەر گوندەکانی دەوروبەردا دادران.

"سەردەشت" یەکەمین شاری جیهانە کە بە چەکی کیمیایی هێرشی کرایە سەر. هەنووکە پاش ٣٣ ساڵ برینەکانی ئەم شارە ساڕێژ نەبوون و ئێش و مەینەت و ئازارەکانی خەڵک، هیچ فریادڕەسێکیان نییە.