کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەخۆشخانەی شاری "مەهاباد" ئامێری "ئەندێسکۆپیـ"ـی نییە

11:58 - 18 رەزبەر 2721

بەپێی هەواڵێک کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، لە نەخۆشخانەی شاری "مەهاباد" ئامێری "ئەندێسکۆپی" بۆ ئەو نەخۆشانەی کە خوێن بەربوونیان هەیە، نییە.

خەڵک باس لەوە دەکەن کە بۆ دیاریکردن و چارەسەرکردنی خوێن بەربوون بەناچار دەبێ سەردانی نەخۆشخانەکانی شارەکانی "ورمێ و تەورێز" بکەن کە ئەویش لەو دۆخە نالەبارەی ئابووریدا تێچوویەکی زۆری دەوێت و کێشەسازە.

خەڵکی "مەهاباد" داوا لە بەرپرسانی پێوەندیدار و بەناو نوێنەری ئەو شارە لە مەجلیسی ڕێژیم دەکەن کە لە ڕاستای خزمەتگوزاری بە خەڵک، ئاوڕێک لەو دۆخە بدەنەوە.

ئەو کێشەیە تەنیا شاری "مەهاباد" ناگرێتەوە بەڵکوو دۆخی زۆرینەی شارەکانی پارێزگاکانی کوردستان لە بواری خزمەتگوزارییەوە دۆخێکی خراپە.

ڕێژیمی ئێران بۆ ئەوەی دێموگرافیای کوردستان تێک بدات، بە بیانووی جیاواز خەڵک ڕادەگوازێتە پارێزگاکانی ناوەندی ئێران، سەرەڕای سامانداربوونی کوردستان لە بواری سەرچاوە سروشتییەکان، هەروەها کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و زۆر بواری دیکە، ڕێژیم وەبەرهێنەری کەرتی تایبەت بۆ خزمەتگوزاری لە پارێزگاکانی کوردستان چالاک ناکات.