کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەخۆشخانەی شنۆ لە کۆمادایە

11:57 - 8 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: پرۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەی شنۆ هەتا ئێستاش بێئاکام ماوەتەوە و وادەی کاربەدەستانی ڕێژیمیش تەنیا لەسەر کاغەز ماوەتەوە.

ماوەی چەندین ساڵە بڕیارە کە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شنۆ نەخۆشخانەیەک دروست بکەن، بەڵام ئەو پرۆژەیە تەنیا لەسەر کاغەز کۆتایی پێهاتووە.

ساڵی ٩٥ی هەتاوی، بڕیار درا نەخۆشخانەیەک لەو شارە دروست بکرێت و ساڵی ٩٨ ئەو پرۆژەیە کۆتایی پێ بێت. بەڵام ئەو وادەیە بۆ کاتێکی دیکە گۆڕدرا.

نەخۆشخانەی شنۆ، بەهۆی نەبوونی پێداویستییە سەرەکییەکان و کەرەستەی تایبەتی منداڵبوونی ژنان، هاووڵاتییانی بەرەوڕووی کێشە و گرفت کردووەتەوە.

ئەو نەخۆشخانەیە بووەتە مۆتەکەی خەڵکی ئەو شارە.

دوو ساڵ پێش ژمارەیەک لە ژنانی شنۆ، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر نەبوونی کەرەستە پێویستەکانی نەخۆشخانەی ئەو شارە، نامەیەکیان بڵاو کردەوە و داوایان کرد بەرپرسانی ڕێژیم هەنگاوێک بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیه هەڵبگرن.

لە لایەکی دیکەوە نەبوونی کادر و پزیشکی شارەزا و پسپۆڕ لەو نەخۆشخانەیە بووەتە گرفتێکی دیکە و بەو هۆیەوە هاووڵاتییان بە تەواوەتی لەو نەخۆشخانەیە هیوابڕاو بوون و تەنیا لە کاتی ناچاریدا سەردانی نەخۆشخانەی "نەبیی ئەکرەم" دەکەن.

چەند ساڵ پێش ئێستا زەوییەکی تایبەت لە گەڕەکی سەیداوێ بۆ دروستکردنی بینای نەخۆشخانە تەرخان کرا، هەتا ئێستا وەک خۆی ماوەتەوە و هیچ کارێکی لەسەر نەکراوە.

کێشەی چەندین ساڵەی نەخۆشخانەی شنۆ لە کاتێکدایە کە بەربژێرەکانی شۆرای ئەو شارە لە کاتی هەڵبژاردنەکان وادەی چارەسەریی کێشەی ئەو نەخۆشخانەیان بە خەڵک داوە.