کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەخۆشیی کۆرۆنا لە ئێران دۆخێکی مەترسیداری پێک هێناوە

13:40 - 24 پووشپەڕ 2720

ڕەوتی بەرزبوونەوەی قوربانییانی نەخۆشیی کۆرۆنا لە ئێران هەروا درێژەی هەیە و چەندین شار و پارێزگای ئێران دۆخێکی مەترسیدار تێدەپەڕێنن. 

'ئیرج حەریرچی'' جێگری گشتیی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم ڕاگەیاندووە کە یەک لەسەر پێنجی ئەو مەرگانەی کە لە ئێران ڕوو دەدەن، بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆناوە بووە.

بە وتەی ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژانە هەزار و ٥٠ کەس گیانی خۆیان لەدەست دەدەن کە زیاتر لە ٢٠٠ کەس، تووشبووان بە کۆرۆنان.

هەروەها بەپێی ئاماری ڕێژیم، پارێزگاکانی وەکوو خووزستان، خوراسان، ورمێ و مازەندەران لە دوخێکی سووردان و ڕەوتی تووشبوون بە کۆرۆنا لە پارێزگاکانی تاران، فارس، کرمان، ئەلبۆرز، گوڵستان، بوشێهر، هۆرمۆزگان و تەورێز لە هەڵکشان و حاڵەتێکی قەیراناویتری دروست کردووە.

بەپێی ئامارەکانی ڕێژیم، هەتا ئێستا زیاتر لە ١٣ هەزار کەس بەهۆی کۆرۆناوە بوونەتە قوربانی.

ڕاگەیاندنی ئاماری ڕۆژانە لە ئێران لە حاڵێکدایە کە ئەو ئامارانە دوور لە ڕاستین و سەرچاوە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن کە ڕێژەی قوربانییانی ئەم نەخۆشییە چەند بەرابەری ئاماری ڕێژیمی ئێرانە.

وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، ئاماری پارێزگاکان بە جیا بڵاو ناکەنەوە و ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کە ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران جێگای متمانە نەبن.