کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەخۆشیی کەڕووی ڕەش لە کوردستان بڵاو بووەتەوە و بەم هۆیەوە چەندین کەسیش گیانیان لەدەست داوە

16:16 - 11 خەزەڵوەر 2721

نەخۆشیی کەڕووی ڕەش لە کوردستان بڵاو بووەتەوە و بەم هۆیەوە لە ماوەی حەوتووەکانی ڕابردوودا چەندین کەس تووشی ئەم نەخۆشینە بوونە و چەندین کەسیش گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، لە ماوەی حەوت ڕۆژی ڕابردوودا سێ کەسی خەڵکی مەریوان لە نەخۆشخانەکانی شاری سنە بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە گیانیان لەدەست داوە.

نەخۆشیی کەڕووی ڕەش کە بە زمانی زانستی پێی دەوترێت "مۆکۆرمایکۆزیس"، زۆرتر ئەو کەسانەی کە سیستەمی بەرگریی لەشیان لاوازە تووشی دەبن؛ بەتایبەت تووشبووانی نەخۆشیی کۆرۆنا، ئەو کەسانەی کە نەخۆشیی شەکرەیان هەیە و ئەو نەخۆشانەی کە دیالیزیان بۆ دەکرێت، مەترسیی زیاتریان لەسەرە.

لە ڕێی خواردنی نانی کەڕوولێدراو، خۆراکی ماوەبەسەرچوو، میوە و سەوزەی پیسەوە مرۆڤ تووشی  نەخۆشیی کەڕووی ڕەش دەبێت. هەروەها لە ڕێی هەناسەی کەسی تووشبووەوە بۆ کەسانی تریش دەگوازرێتەوە.

نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە بریتین لە: "هەوکردنی دەموچاو، ڕەشبوونەوەی لووت و دەم، هەوکردنی چاوەکان و تەنانەت لەدەستدانی بینایی، ژانەسەر، هەناسەتەنگی، ئێشی چۆڵەمەی سینگ و زگ، ڕشانەوە و هەروەها دروستبوونی زیپکەی سووری مەیلەو ڕەش لەسەر پێستی مرۆڤ کە دەبێتە هۆی ئازار و برین لەسەر جەستە".

هەتاکوو ئێستا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە دانی زانیاریی ڕاست و دروست لەسەر نەخۆشییەکە و ئاماری تووشبوون و گیانلەدەستان بەم نەخۆشییە خۆیان دەبوێرن.