کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەخۆشەکانی بەشی ئای سی یوو بەهۆی پچڕانی بەرق گیانیان لە مەترسیدایە

11:20 - 20 پووشپەڕ 2721

قەیرانی بەرق لە ئێراندا، لانیکەم گیانی ٣هەزار و ٥٠٠ نەخۆشی کۆرۆنایی خەوێندراوی لە بەشی چاودێریی تایبەتی نەخۆشخانەکان خستووەتە ژێرهەڕەشەوە.

"محەممەدڕەزا هاشمیان"، پزشکی پسپۆڕی چاودێریی تایبەتی نەخۆشخانەی "مەسیح دانیشوەری"، وتوویەتی: "لە ماوەی پچڕانی بەرق و وەسڵبوونەوەی دووبارەی دەزگای وێنتیلاتۆر بە نەخۆشانی کۆرۆنایی، ڕێژەی گیانلەدەستدانی نەخۆشانی کۆرۆنایی بەرز دەبێتەوە".

ئەو پزشکە باسی لەوە کردووە: "دەزگای "هەناسەدان"، کە لەلایەن وزارەتی تەندروستییەوە بە بێ ڕاوێژکردن لەگەڵ ئەنجومەنی سینفی و بەشی چاودێرییە تایبەتییەکان کڕدراوە پێوەرمەندیی نییە و لە کاتی پچڕانی بەرقدا ئەو دەزگایە ماوەیەکی پێدەچێت هەتا وەکار دەکەوێتەوە و لەو ماوەیەدا نەخۆش تووشی خەفەبوون دێت".

"حەسەن ڕووحانی" لەو پێوەندییەدا وتوویەتی: "ئەو دەنگۆیەی سەبارەت بە لەکارکەوتنی دەزگای هەناسەدان لە کاتی پچڕانی بەرقدا بڵاو بووەتەوە درۆیە و هیچ نەخۆشێک کێشەی بۆ نەهاتووەتە پێش".

ڕێژەی گیانلەدەستدانی نادیاری نەخۆشەکان لە نەخۆشخانە  لە کاتی پچڕانی بەرقدا، ڕتکردنەوە و هەڕەشەی بەرپرسانی پێوەندیدار لەوانە "عەلی ئەکبەر ویلایەتی"، جێگری "عەلی خامنەیی" لێ کەوتووەتەوە.