کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەسر ئەلحەریری: بەکارهێنانی چەکی شیمیایی لە سوورییە کاری میلیشیاکانی ئێران بووە

16:52 - 6 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: نەسر ئەلحەریری بەرپرسی لێژنەی دانوستاندنی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریە ئاشکرای کرد کە بەکارهێنانی چەکی شیمیایی لە شاری حەلەب کاری میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بووە.

ڕۆژی یەکشەممە ٤ی سەرماوەز بەرانبەر بە ۲۵ی نۆڤامبر، نەسر ئەلحەریری، بەرپرسی لێژنەی دانوستاندنی لایەنە ئۆپۆزسیۆزنەکانی سووریە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی "ئەلحەدیس"، ڕایگەیاند: بەکارهێنانی چەکی شیمیایی لە شاری حەلەب و ناوچەکانی دەوروبەری، کاری میلیشا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە.

نەسر ئەلحەریری، لە سەر دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری ناوخۆیی سووریە ئاشکرایشی کرد، ئێران و ئەسەد لە هەوڵی ئەوەدان ڕێککەوتننامەی "سووچی" کە لە سەر "ئەدلەب" واژۆ کراوە، ڕوو بە دۆڕان ببەن و وتی: "ڕێژیمی بەشار ئەسەد هیچکات لە ڕێککەوتننامەی سووچی ڕەزامەند نەبووە و هیچ ڕێز و پێبەندییەکی بەرانبەر بەو ڕێککەوتننامەیە نیشان نەداوە".

بەرپرسی لێژنەی دانوستاندنی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریە له درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە ئامانجە ئاژاوەگێڕانە و تیرۆریزمییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و کردارەکانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد کرد و وتی: "ئامانج لە کەڵکوەرگرتنی چەکی شیمیایی، تێکدان و پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی "سووچیـ"ـیە کە تێیدا ناوچەکانی ئەدلەب و دەوروبەری وەکوو ناوچەی بێ کێشە و ئارام دیاری کراوە، تاکوو بۆ ئامانجەکانی خۆیان بەکاری بهێنن".

پێشتر وەزارەتی بەرگریی ڕێژیمی تورکیە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندبوو کە ئامانج لە بەکارهێنانی چەکی شیمیایی لەو ناوچانە، تێکدان و هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامەی "سووچیـ"ـیە.