کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەشتەرگەریی جوانی، پڕداهاتترین پیشەی ئێرانە

12:37 - 2 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: بڵاوبوونەوەی ئینفۆگرافییەک سەبارەت بە پڕداهاتترین پیشەکانی ئێران پیشان دەدات، که نەشتەرگەریی جوانی، لە نێوان ١٠ پیشەی پڕداهاتی ئێراندا، پلەی یەکەمی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە.

بەپێی ئینفۆگرافییەک کە لە ماڵپەڕی حکوومەتیی "ئێسلاحات نیووز"دا بڵاو کراوەتە، ئاماژه به ١٠ پیشەی پڕداهاتی ئێران کراوە، کە بریتین لە: نەشتەرگەریی جوانی، ئەکتەری، پزیشکی ددان، پارێزەری، لێدواندەری،  وەبەرهێنانی قارچک، فرۆشگای ئانلاین، ئارایشگەری، دەڵاڵی و خزمەتگوزاریی ئانلاین.

ئەوەی کە لەم ئینفۆگرافییەدا جێی سەرنجه، یەکەم بوونی پیشەی نەشتەرگەریی جوانییه کە وەکوو پڕداهاتترین پیشە لە ئێراندا ناسراوە.

لەم پێوەندییەدا، غوڵامڕەزا شیرانی، مامۆستای زانکۆ لە تاران، لە لێدوانێکدا باسی لەوە کردووە که نەشتەرگەریی جوانی لەم ساڵانەدا، بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە نێوان لاواندا زیادی کردووە.

ئەم پزیشکە، هۆکاری ڕوودانی ئەم حاڵەتەی بۆ کێشەگەلێکی وەک: گوشارە دەروونییەکان، نەبوونی باوەڕبەخۆبوون و متمانەبەخۆ و هەروەها بێکاری گەڕاندووەتەوە.

ئەم پزیشکە باسی لەوە کردووە، کە دەسکاریکردن ڕواڵەت وەکوو نەخۆشییەک ناسراوە و زۆربەی کەسەکان بە هۆی بێکاری و نەبوونی باوەڕبەخۆبوون، پێیان وایە کە لە بواری ڕواڵەتەوە کێشەیان هەیە و دەبێت چارەسەری بکەن.

بە وتەی ئەم پزیشکه، هۆکاری نەشتەرگەریی جوانی لە ڕواڵەتدا، جگە لەو کەسانەی کە کێشەکەیان زکماکییە یان بە هۆی ڕووداوێکەوە جوانی ڕواڵەتی خۆیان لە دەست داوە، بۆ بابەتگەلی دەروونی و بەتایبەت دڵەڕاوکێ و گوشارە دەروونییەکان دەگەڕێتەوە.

هۆکاری سەرەکیی نەبوونی ئارامیی دەروونی لە تاکەکانی کۆمەڵگای ئێراندا و تووشبوونیان بە نەشتەرگەریی جوانی، بۆ ناکارامەییی سیستمی دەسەڵاتداریەتی دەگەڕێتەوە، چونکه ئەرکی دەوڵەت و حکوومەت دابینکردنی جۆرەکانی خزمەتگوزاری و ئاسایش بۆ کۆمەڵگایە و لە نەبوونی ئەم جۆرە خزمەتگوزارییانەدایە کە تاک تووشی کێشەگەلی دەروونی دەبێت و بە هۆی دابەزینی ئاستی باوەڕبەخۆبوون، پەنا بۆ جۆرەکانی نەشتەرگەری دەبات.

شایانی باسە، کە نەشتەرگەریی لووت، لە نێو هەموو نەشتەرگەرییە جوانکارییەکاندا پلەی یەکەمی هەیە، کە بە نموونەگەلێکی بەرچاویش گیانلەدەستدانی هاووڵاتییانی بەدواوە بووە.