کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەشناڵ ئینترێست: ئەمجار نۆرەی ئێرانە نە عێراق

13:13 - 4 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بڵاڤۆکی "نەشناڵ ئینترێست" بڵاوی کردووەتەوە ئامریکا خۆی بۆ شەڕ دژی ڕێژیمی ئێران ئامادە دەکات و ترامپ بە بێدەنگی بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرنامە دادەڕێژێت.

بڵاڤۆکی "نەشناڵ ئینترێست" لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی: "هەتا زیاتر بە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٨ نزیکتر دەبینەوە، ئامریکا زیاتر بە ڕووداوێکی دیکەی لەبیرنەکراو لە مێژوودا نزیک دەبێتەوە. لە سەردەمی دەسەڵاتی بیل کلینتۆن لە ساڵی ١٩٩٨دا هێرش کرایە سەر عێراق و لەو هێرشەدا هەزاران ئەندامی گاردی سەرکۆماریی سەدام کوژران. ئەو هێرشەی ئامریکا به بیانووی چەکی کۆمەڵکووژ بوو بەڵام ئامانجی ئامریکا پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی بوو".

ئەو بڵاڤۆکە بڵاوی کردووەتەوە، دەوڵەتی ترامپ بە فەرمی باس لەوە دەکات کە بە دوای گۆڕینی ڕێژیمی ئێران نییە و دەیهەوێ ڕەفتارەکانی ئەو ڕێژیمە بگۆڕێت، بەڵام کابینەی ترامپ لەگەڵ ئەو بیرۆکە دژایەتییان هەیە.

لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کابینەی ترامپ بیر لە ڕووخانی ڕێژیمی ئێران دەکاتەوە، جان بۆڵتۆنیش باسی لەوە کردبوو کە ئامریکا و ئیسرائیل دوای کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام لەسەر بژاردەی نیزامی دژی ئێران بیر دەکەنەوە.

لەوباریەوە "فڕانک گافنی" یەکێک لە تێئۆریسییەنەکانی ڕەوتی نێئۆکۆنسێرڤاتیڤ باسی لەوە کردووە: "لەوانەیە حەق بە جەواد زەریف بێت کە گوتی دامەزراندنی گرووپی کردەوەی ئێران هەوڵێکە بۆ دووپاتکردنەوەی کودەتای ٢٨ی گەلاوێژ بە مەبەستی ڕووخانی ڕێژیمی ئێران".

هاوکات ئەفسەرێکی ئەرتەشی ئامریکا لەو ڕاپۆرتەدا ئاشكرای کردووە، دەفرایەتی هێرش بۆ سەر ئێران هەیە بەڵام زۆر بەهێز نییە.

پێشتریش کاناڵی هەواڵی "ڕاشا توودەی"، لە ڕاپۆرتێکی شرۆڤەییدا باسی لەوە کردبوو، دامەزرانی گرووپی کاریی ئێران، لە لایەن ئامریکاوە گەڵاڵەیەکە بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی ئیسلامیی، بەڵام لە کاتی ئێستادا ڕێژیمی ئێران، بەپێچەوانەی ویستی ئامریکا خۆی لە بەرانبەر گوشارەکاندا ڕاگرتووە.

"ئیگۆر پانکراتێنکۆ" شرۆڤەکاری پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش گووتوویەتی:"بە ڕوونی دیارە گرووپی کاریی ئێران، درێژەی ستراتیژیی ڕووخانی ڕێژیمی ئێران و بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ دژبەرانی ئەو ڕێژیمەیە".

لەو پێوەندییەدا "مایک پۆمپێئۆ" وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا، لەبارەی دامەزرانی ئەو گرووپە باسی لەوە کردووە، ئامانج لە دامەزرانی ئەو گرووپە بەرەنگاربوونە بە دژی چالاکییە دوژمنکارانەکانی ڕێژیمی ئێران و پشتیوانیی لە خەڵکی ئێرانە.