کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەفتالی بێنێت: قۆناغی پارێزبەندیی ڕێژیمی ئێران لە سزاکان کۆتایی هاتووە

13:41 - 9 جۆزەردان 2722

ڕۆژی یەکشەممە ٨ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، "نەفتالی بێنێت" سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوای حەوتوویەک لە کوژرانی "حەسەن سەیاد خودایی"، ناوبراوی بە هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لە ڕێگای هاندانی گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران تاوانبار کرد و وتی کە چیدیکە ڕێژیمی ئێران پارێزراو نابێت.

"نەفتالی بێنێت" سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی وەزیرانی وڵاتەکەیدا، ڕێژیمی ئێرانی بە هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل وەسف کرد و وتی کە ڕێژیمی ئێران سەرچاوەی دروستکردنی ئاژاوە لە ڕێگای هاندان و پشتیوانیکردنی گرووپە توندڕەوەکان لە ناوچەکەدایە و لەوە بەدوا دەبێ چاوەڕوانی سزای توند بێت.

ناوبراو هەروەها وتی کە چەند دەیەیە ڕێژیمی ئێران دەزگای تێرۆریزمی خۆی بەرامبەر بە ئیسرائیل لە ڕێگای گرووپە تێرۆریستییەکانەوە لە ناوچەکەدا گرتووەتە بەر و هەتا ئێستا ڕێژیمی ئێران خۆی لەژێر پەردەی پارێزبەندییەکاندا شاردووەتەوە.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە کە لەوە بە دوا ئەو کەسانەی کە چەک بۆ گرووپە تێرۆریستییەکان دابین دەکەن و پشتیوانیی هەمەلایەنەیان لێ دەکەن، باجی کارەکانیان دەدەن.