کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەمامە چاندراوەکانی خورینج ئاوەدێری دەکرێن

11:55 - 19 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی ژینگەپارێزانی پیرانشار لە هەڵمەتێکی بێوێنەدا و بە هاوکاریی خەڵکی ئاوایی خورینج، ئاوەدێری و بنکۆڵی نەمامە چاندراوەکانی ئەو گوندەیان کرد، کە دوو ساڵ پێش لە لایەن ئەو ڕێکخراوەوە چاندرابوو.

ڕۆژی هەینی، ١٧ی جۆزەردان، "ڕێکخراوی ژینگەپارێزانی پیرانشار"، بە هاوکاریی خەڵکی خورینج لە هەڵمەتێکی بێوێنەدا و بە دروشمی "ئاودانیی هەر نەمامێک، ئاوەدانیی نیشتمانە"، دەستیان ئاوەدێری و بنکۆڵکردنی ئەو نەمامانەی  کرد،کە دوو ساڵ پێشتر لەو گوندەدا چاندرابوون.

بەڕێوبەرانی ئەو چالاکییە ڕایانگەیاندووە، کە چالاکیگەلێکی لەو چەشنە، پێویستیی بە یارمەتی و پاڵپشتیی خەڵکە و دەبێت وەک مڵکی خۆیان لێی بڕوانن و پارێزگارییان لێوە بکەن، بەتایبەتی ئەو نەمامانەی کە لە دەوروبەری گوندەکان دەچێندرێت و پێویستییان بە ئاوەدێری و پێڕاگەیشتنە.

هەروەها باسیان لەوە کردووە، کە ڕێکخراو، بە تەنیا دەرەقەتی پارێزگاریکردنیان نایەت و داوایان لە خەڵک کردووە، هەتا پاڵپشتی لەو هەڵمەتانە بکەن و بۆ پێڕاگەیشتنی نەمامەکان هەوڵ بدەن.

ئەو ڕێکخراوە لە درێژەی ڕاپۆرتی چالاکییەکانیدا ڕایگەیاندووە، کە ئامانجی سەرەکیی لەو چەشنە هەڵمەتانەدا، پێدانی وشیاریی ژینگەیی و چاندنی هزری ژینگەیییە لە هەموو بوارەکانی: نیشتمانی، چاندنی دار، گڕنەدانی پووش و پاوان و دارستان، فڕ نەدانی زبڵ و پاشماوە، نەهێشتنی نەریتی نەشیاوی ڕاو، پارێزگاریی لە گیا بەهارییەکان، بەفیڕۆ نەدانی ئاو، وشیاری لە ئاست هێرش و مەترسییەکانی لێدانی بەنداوەکان بەگشتی و بەتایبەت ڕاگواستنی ئاو و بەنداوی زۆر لە پیرانشاردا، کە دەبێ هەموومان بۆ ژینگەیەکی تەندروست لە ئێستا و داهاتوودا تێ بکۆشین.

لە کۆتاییی ڕاپۆرتەکەدا، ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی پیرانشار، دەستخۆشییان لە هەموو بەشداربووان، بەتایبەتی مامۆستا ئەسعەد حەسەنی، وتارخوێن و پێشنوێژی مزگەوتی ئاوایی خورینج کردووە بۆ بەشداربوونیان لەو هەڵمەتەدا.