کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەهامەتییەکانی بنەماڵە سیاسییەکان لە نزیکەوە

17:56 - 11 پووشپەڕ 2722

هێرۆ عەزیزی

شۆڕش و خەباتی ڕزگاریخوازانەی کورد بە درێژایی خۆی پڕ بووە لە زەحمەت و کوێرەوەری و گرتن و زیندان و  دەربەدەریی نەتەوەی کورد. خەباتی کورد، خەباتێکی نەتەوەیی بووە و دوژمنەکانی لە هەموو ڕێگایەک کەڵکیان وەرگرتووە بۆ ئەوەی کورد بتوێننەوە بەڵام لە بەرامبەردا میللەتی کوردیش بێکار دانەنیشتووە و لەگەڵیان بەربەرەکانێی کردووە. بەرهەمی ئەو بەربەرەکانێیە زیندوومانەوە و لەسەرپێوەستان و سەردانەنواندنی ئەو میللەتەیە کە تا ئێستا وەکوو ڕەمزی هەرمان و گەورەترین شانازی بۆی ماوەتەوە، بەڵام ئەوە هەروا هاسان نەبووە و ئەنجامی ئەو بەربەرەکانێیە هەزاران قوربانی و نرخی گەورەی ویستووە کە لە درێژەدا ئاماژەی پێ دەکەم.

لەبەر ئەوەی خەباتی کورد خەباتێکی نەتەوەیی بووە کەم تاکی کورد هەیە کە هەستی بە ستەمی نەتەوەیی نەکردبێت و دەیان ڕووداوی تاڵی ئەو میللەتەی نەدیتبێت. هەموو چینەکانی کۆمەڵگە لە کارمەند و مامۆستا و بازاڕی و... بە شێوەیەک لە شێوەکان ستەمیان لێ کراوە. ڕەنگە ئەوەی زیاتر بەرچاو بێت ئەو شۆڕشگێڕانە بن کە ڕاستەوخۆ لە شۆڕش و خەباتدا بەشدار بوونە و بە سەر و گیان و ماڵ نرخیان بۆ وەدیهاتنی ئامانجەکانی یەک میللەت داوە یان ناڕاستەوخۆ و بە نهێنی یارمەتیی شۆڕشیان داوە، لەو ڕێگایەدا شەهید بوونە، بریندار بوونە و زۆربەی جاریش لەلایەن دوژمنەوە بە دیل گیراون و تووشی ئەشکەنجە و زیندان بوونە. لە پەناوە ناکرێت چاو لە ئاستی زەحمەت و کوێرەوەریی ئەو بنەماڵانە دابخەین کە بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەندامێک یان دوو ئەندام یان چەندین ئەندامی بنەماڵەکەیان بەهۆی کوردبوون گیراون و خراونەتە زیندانەوە. تەنیا ئەو بنەماڵانەی کە ڕۆڵەکانیان دەگیرێت و دەسبەسەر دەکرێن چاک دەزانن کە ئەوە چەندە سەختە. جەرگی دەوێت شایەدی ئەوە بیت کە براکەت یان مامت یان باوکت یان باپیرت یان هەر ئەندامێکی بنەماڵەت بگیرێت و ئەشکەنجە بکرێت و بەشی تۆش هەر دۆشدامان و چاوەڕێبوون لە ڕوونبوونەوەی چارەنووسیان بێت.

زۆرن ئەو بنەماڵانەی کە ڕۆڵەکانیان کەوتووەتە زیندان و ئێعدام کراون یان لە بن ئەشکەنجە گیانیان لەدەست داوە و هیچکات چاویان پێی نەکەوتووەتەوە و نازانن گۆڕی غەریبی ڕۆڵەکانیان لە کوێیە. زۆرن ئەو بنەماڵانەی کە ڕۆڵەیان دەسبەسەر کراوە و دوای دەیان ساڵ کێشانی زیندان و بەندیخانە بە دیداری ڕۆڵەکانیان شاد بوونەتەوە. زۆرن ئەو بنەماڵانەی کە ڕۆڵەکانیان جەستەیان بە ئەشکەنجەی دوژمن هەمووی برینی ساڕێژنەبووەی هەڵگرتووە و وەکوو مۆر بەسەر جەستەیانەوە ماوەتەوە. زۆرن ئەو بنەماڵانەی کە ڕۆڵەکانیان دوای کێشانی بەند و زیندان، پەڕیوەی وڵاتان بوونە و دەربەدەر و وڵاتبەدەر کراون.

لەو پێناوەدا چەندە خەم و ناخۆشی بۆ کەسی زیندانی هەبووبێت بۆ بنەماڵەکەی دوو ئەوەندە زیاتر بووە. هەر چرکەیەک لە دووریی ئازیزێکت ئەویش لە بەندی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ خۆی هەڵگری دەیان چیرۆکی ناخۆش و پڕ لە نەهامەتییە.

هەتا کەسێکی بنەماڵەت لە بەندی دوژمندا بێت، بنەماڵە لەگەڵ دەیان دڵەڕاوکێ بەرەوڕوویە: "بڵێی ڕۆڵەکەمان ئەشکەنجە نەدەن، بڵێی نەیکوژن، بڵێی نەهامەتی بەسەر نەهێن"، چونکە هەر بنەماڵەیەکی کورد کاتێک ڕۆڵەکەی دەسبەسەر دەکرێت دەزانێت کە دەکەوێتە بەر دەستی چ دوژمنێکی غەددار و هێندە ئەو پرۆسەیە دووپاتە بووەتەوە کە لەلای زۆربەی بنەماڵەکانی کورد گرتن و دەسبەسەری و زیندان ئاسایی بووەتەوە.

وەک وترا هاتنەپێشی ئەو دۆخە چەندە بۆ کەسی زیندانی ناخۆشە، بۆ بنەماڵەش چەند هێندە کارەساتبارە. خەم و خەفەت و گریان کە بەشی هەر بنەماڵەیەکی کوردە لەو هەلومەرجانەدا، زیانی گەورەی بۆ ئەو بنەماڵەیە هەیە و دەیان بنەماڵە لە دووری و بە خەفەتی هاتنەوەی ڕۆڵەکەیان تووشی نەخۆشیی دەروونی بوونە و خەساری گەورەی بۆیان هەبووە.

ئەوە لەلایەک، با هەڕەشە و گوڕەشەی هێزی دوژمنی غەدداریش لەولای بمێنێتەوە کە هەر ئانوساتێک هاتوون و زەختیان خستووەتە سەر بنەماڵە و ئازاری ئەندامانی بنەماڵەی گیراوانی سیاسییان داوە و جارناجارێک بە تۆمەتی  پڕوپووچ یەک یان چەند ئەندامی بنەماڵەیان دەسبەسەر کردووە و بردوویانن چەندین کاتژمێر لە ناوەندە ئەمنییەتییەکان ڕایانگرتوون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کردوون و پێیان وتوون کە دەبێ فڵان کەسەتان ناچار بکەن کە لە دەرەوەڕا بێتەوە یان زۆر شتی دیکە یان کەسەکەیان دەسبەسەر کردووە و لە خۆڕایی داویانەتە دادگا و بە زۆر حوکمیان بەسەردا سەپاندووە یان چوونەتە لای بنەماڵەکان و قسەی نەشیاویان بە شۆڕش و خەباتی کوردی وتووە یان زۆر جار بۆ چەواشە خۆیان وەک خەمخۆری بنەماڵەکان نیشان داوە و شەڕی دەروونییان بۆ بنەماڵەکان دروست کردووە یان ئەگەر بنەماڵەیەکی سیاسی ڕۆڵەیەکی شەهید بووبێت ڕێگرییان لە دانانی پرسە بۆ ڕۆڵەکەیان کردووە یان بێڕێزییان بە بەتەمەنەکانی بنەماڵە دەکەن بە ئەوپەڕی بێ بەزییەوە، دەیان نموونەی لەو چەشنە و بمێنێت ئەو داوای هاوکارییانەی کە بەردەوام لە ئارادان.

چێشتنی هەموو ئەو نەهامەتی و کارەساتانە هەر چەند ناخۆش و سەختە بۆ بنەماڵەی زیندانییە سیاسییەکان بەڵام چونکە هەڵگری بەرپرسیاریەتیی نەتەوەیی و مێژوویی لە پێناو گەلدایە هەمووی وەکوو شانازی و ئیفتخار دێتە ئەژمار. سەرمایەی گەورەی هەر بنەماڵەیەکی سیاسی ئەو ڕێز و حورمەتەیە کە میللەت یان گەلێک بۆی دادەنێت.

زەحمەت و کوێرەوری کێشان لە پێناو ئامانجە پیرۆزەکان، هەمووی بایەخ و ئەرزشن. هیچ میللەتێکیش ناتوانێت چاو لە ئاست بایەخ و ئەرزشەکانی خۆی دابخات. بنەماڵەی زیندانییە سیاسییەکان وەکوو پێشەنگ و ڕێچکەشکێن بۆ تەواوی بنەماڵەکانی دیکەی کۆمەڵگە چاویان لێ دەکرێت و گەل بە تەواوی خۆیەوە ڕێز بۆ ئەو بنەماڵانە دادەنێت و ئەو ڕێز و حورمەتە گەورەترین سەرمایە بۆ بنەماڵە سیاسییەکانە.

لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین کە ئەو نرخ و قوربانیدانانە هیچی بە فیڕۆ ناچێت و هەمووی لە پێناو ڕێباز و بیر و باوەڕ و ئامانجێکی گەورە و پیرۆزدا دراوە کە ئەویش ئازادیی نیشتمانێک بە ناوی کوردستان و ڕزگاریی گەلێکی بەشخوراو بە ناوی گەلی کورد بووە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.