کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەوبەخت دانی پێدانا، زوو پێیان کۆ کردەوە

10:44 - 13 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: سەرۆکی دەزگای بەرنامە و بودجەی کۆماری ئیسلامی دانی بەوەدانا کە بودجەی ئێران یەک لەسەر سێ کەمی کردووە بەڵام تەنیا چەند کاتژمێر پاش ئەم ئێعترافە، هەواڵدەرییە حکوومەتییەکان ناچار کران ئەم قسانەی ناوبراو بسڕنەوە.

محەممەدباقر نەوبەخت سەرۆکی دەزگای بەرنامە و بودجەی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٢ی سەرماوەز لە ئاخاوتنێکدا کە دواتر لەلایەن هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمەوە سڕدرایەوە، لە دژکردەوە بە ئێعترازی کەمئەندامان لەهەمبەر کەمبوونەوەی بودجەکەیان بۆ ساڵی داهاتوو ڕایگەیاند کە داهاتی وڵات بۆ یەک لەسەر سێ کەمی کردووە.

بەوتەی نەوبەخت ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران گەیشتووەتە یەک و نیو میلیۆن بەرمیل لە ڕۆژدا؛ وتوویشیەتی: سەرچاوەکانی داهاتمان سنووردار و کەمن، بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لە پاش تەحریمەکانی ئامریکا کەمی کردووە بۆیە سرووشتییە کە ئێعتراز لە نێو چین و توێژەکان درووست ببێت بەڵام هیچ رێگایەکی دیکەش نییە.

دەوڵەتی ئامریکا لە سیاسەتی نوێی خۆیدا بەرامبەر بە ئێران کۆمەڵێک تەحریمی سەخت و دژواری بەسەر کۆماری ئیسلامیدا سەپاندووە تاکوو وەک خۆیان دەڵێن تاران ناچار بە گۆڕینی هەڵسوکەوتە مەترسیدارەکەی بکەن؛ نەمان و کەمبوونەوەی داهات و بودجەش یەکێک لە ئاسەوارەکانی ئەم گوشارانەیە کە حەسەن ڕوحانی ئیددعای دەکرد هیچ کاریگەرییەکیان نییە و خەڵک نابێ نیگەران بن!