کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەوتکێشێکی هەڵگری نەوتی ڕێژیمی ئێران، دەستی بەسەردا گیرا

17:02 - 13 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: هێزی دەریایی بریتانیا، دەستی بەسەر نەوتکێشێکدا گرت کە نەوتی ئێرانی بۆ سووریە ڕادەگواست.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٣ی پووشپەڕ،''فابیان پیکاردۆ''، بەرپرسی دەوڵەتی "جەبەلولتارق"، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لە لایەن هێزی دەریایی بریتانیاوە، نەوتکێشێک کە خەریکی ڕاگواستنی نەوتی ڕێژیمی ئێران بۆ وڵاتی سووریە بووە، دەستی بەسەردا گیرا.

ناوبراو لەم بارەیەوە وتی: "ئەو نەوتکێشە لە حاڵی ڕاگواستنی نەوت بۆ سووریە بووە کە لە لایەن پۆلیسی "جەبەلولتارق" و دامەزراوە گومرۆکییەکان و بە یارمەتیی هێزی دەریایی بریتانیاوە دەستی بەسەردا گیرا".

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە بەڵگەکان نیشان دەدەن کە ئامانجی نەوتکێشی ''گریس-١''، گواستنەوەی نەوت بۆ پاڵاوتگەی ''بانیاس'' لە سووریەدا بووە.

دەستبەسەرداگرتنی ئەو نەوتکێشە، بە هۆی پێشێلکردنی گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپا دژی ڕێژیمی سووریە ڕاگەیەندراوە کە لە ساڵی ٢٠١١وە بە کردەیی کراوە.

بەپێی زانیارییەکان لەسەر نەوتکێشەکان، ئەم نەوتکێشە لە ئێرانەوە وەڕێ کەوتووە و ئەگەر بسەلمێندرێت کە هەڵگری نەوتی ڕێژیمی ئیران بووە، ئەوە گەمارۆکانی نەوتی ئامریکای دژی ڕێژیمی ئێران پێشێل کردووە.

گەمارۆوە نەوتییەکانی ئامریکا دژی ڕێژیمی ئیران، گوشارێکی لەڕادەبەدەری بۆ ڕێژیمی ئێران هێناوە و ڕێژیم بە دوای ئەوەیە کە بتوانێت نەوتەکەی بفرۆشێت.