کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەوتی ڕێژیمی ئێران لە هەنبارەکانیدا ماونەتەوە

16:03 - 3 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: زیاتر لە ۸۶ میلیۆن بەرمیل پاشەکەوتی نەوتی هەنبارکراوی ڕێژیمی ئێران لە هەنبارە نێوخۆیی و دەرەکییەکانیدا ماونەتەوە و کڕیاری نییە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ۲ی جۆزەردان، هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ئێستادا زیاتر لە ۶۶ میلیۆن بەرمیل پاشەکەوتی نەوتی هەنبارکراوی هەیە، جیا لەوەش زیاتر لە ۲۰ میلیۆن بەرمیلی لە هەنبارێکی دامەزراوەی نەوتی "دالیانـ"ـی وڵاتی چیندا هەنبار کردووە، کە کڕیاری نییە و لەسەر دەستی ئەو ڕێژیمەدا ماوەتەوە.

وێڕای ئەوەی کە وڵاتی ئێران بە ئەندامی سەرەکی و کاریگەریی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی ئۆپێک هەژمار دەکرێت و لە ساڵانی پێشتردا ڕۆژانە چەندین میلیۆن بەرمیل نەوتی ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرد، بەڵام بە هۆی گەمارۆوەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لەسەر ئەو ڕێژیمە، ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی ڕۆژانەی گەیشتووەتە ۵۰۰ هەزار بەرمیل.

توانایی دامەزراوە نەوتییەکانی ڕێژیمی ئێران، بەپێی بەراورد لە دەروبەری ۶۹ میلیۆن بەرمیلە و ڕێژیم پلانی بۆ زیاترکردنی ئەو ڕێژەیە داناوە، کە تاکوو ساڵی ۲۰۲۳ی زایینی، ئەو ڕێژەیە بگەیەنێتە ۸۰ میلیۆن بەرمیل، لەم بارەشەوە، کۆمپانیایی ڕاوێژکاری "دێیتا گلووبال" ڕایگەیاندووە، کە بۆ ئەم هەوڵ و بەرنامەیەی ڕێژیمی ئێران زیاتر لە ۹۰۰ میلیۆن دۆلاری پێویستە و لە بارودۆخی ئێستای ئێرانیشدا ئەو بڕە تێچوو و بوودجەیە بۆ ئەو ێژیمە دەست نادات.

عەرەبستانی سعوودی و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، ئامادەییی خۆیان بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی هەناردەکردنی نەوت و سەرجەم سووتەمەنیی ڕێژیمی ئێران لە بازاڕەکانی جیهاندا ڕاگەیاندووە و بەرپرسانی ئامریکاش پێشوازیان لەو بڕیارە کردووە.