کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەوتی ئێران بەگشتی نافرۆشرێت

12:56 - 20 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، تەنگی بەو ڕێژیمە هەڵچنیوە و ئابووریی ئەو وڵاتەی بەرەو هەڵوەشانەوەی یەکجارەکی بردووە.

هەواڵدەریی "بلۆمبێرگ" (Bloomberg) بڵاوی کردووەتەوە، لە ماوەی ١٦ ڕۆژی ڕابردوودا، هیچ نەوتکێشێکی ئێران نەوتی ئێرانی نەگواستووەتەوە و ئەوەش بە مانای ئەوەیە کە نەوتی ئێران ئیتر نافرۆشرێت.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لەو مانگەدا، تەنانەت یەک نەوتكێشیش، کەنداوی بە مەبەستی فرۆشتنی نەوتی ئێران بەجێ نەهێشتووە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٣ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە، لە ڕاپۆرتێکدا پێشبینی کردووە، کە لە داهاتوویەکی نزیکدا، ڕێژەی دەرهێنان و هەڵکێشانی نەوت لە ئێراندا بە ڕادەیەک دادەبەزێت، کە زۆر بە زەحمەت بەشی بەکارهێنانەکانی نێوخۆییی ئێران بکات.

ئامریکا چەند ڕۆژ لەمەوبەر کڕینی نەوتی ئێرانی بەگشتی قەدەغە ڕاگەیاند و هۆشداری دا هەر لایەنێک مامەڵەی نەوتی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بکات، سزا دەدرێت.

دوای ئەوەی کە ئامریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام کشایەوە و گەمارۆوەکانی لەسەر ڕێژیمی ئێران سەرلەنۆی کارا کردەوە، زۆربەی ئەو کۆمپانیا جیهانییانە کە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هاوکارییان دەکرد، پرۆژەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرتووە و گرێبەستەکانیان هەڵوەشاندەوە.

هاوکات زۆربەی کۆمپانیا نەوتییەکانیش لە ئێراندا کشانەوە و مامەڵەکانیان لەگەڵ ئەو ڕێژیمە پچڕاند.