کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەوتی ئێران لە بەرانبەر خواردەمەنی ئورووپایی

12:52 - 25 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: وڵاتانی ئورووپایی لە هەوڵی ئەوەدان، هەتا لە بەرانبەر کڕینی نەوتی ڕێژیمی ئێران، مەوادی پێویست و خواردەمەنی بەو وڵاتە بدەن.

حەوتوونامەی ئاڵمانی "ئیشپیگل" و ڕۆژنامەی ئابووری "هاندلسبلات" ئاشکرایان کردووە، کە وڵاتانی ئورووپایی بە مەبەستی خۆ دەربازکردن لە سزاکانی ئامریکا، لە ئەگەری مامەڵە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، لە بەرانبەر کڕینی نەوتی ئەو ڕێژیمە کەرەستەی پێویست و خواردەمەنی پێ بدەن.

بەپێی ئەو جۆرە مامەڵەیە، ئەگەر وڵاتێکی ئورووپایی نەوتی ئێران بکڕێت، پارەکەی دەداتە کۆمپانیایەکی خۆی کە لە ئێراندا چالاکی دەکات، هەتا لە بەرانبەر ئەو پارەیە لە بەرهەمەکانی خۆی کاڵا بە ڕێژیمی ئێران بدات.

ڕۆژنامەی ئابووری "هاندلسبلات" لەو بارەوە نووسیویەتی: لە ڕاستیدا وڵاتانی ئورووپایی لە هەوڵی ئەوەدان، کە ڕێگایەک ببیننەوە بۆ ئەوەی هەم لەگەڵ ڕێژیمی ئێران مامەڵەیان کردبێت و هەمیش نەکەونە بەر گەمارۆوەکانی ئامریکاوە.

وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی ڕابردوو بۆ جارێکی دیکە داوای لە وڵاتانی ئورووپایی کردبوو کە ڕێگاچارەیەک بۆ ڕزگارکردنی بەرجام ببیننەوە، هەروەها ناوبراو هەڕەشەی ئەوەی کردووە، کە ئەگەر هیچ کارێک نەکەن لە ئاستێکی بەرزدا دەست بە پیتاندنی ئۆرانیووم دەکەنەوە.

کاربەدەستانی ئامریکایی ڕایگەیاندووە: "ڕێژیمی ئێران لە داهاتێک کە لە ڕێگای فرۆشی نەوت بەدەستی دێنێت، یارمەتی و پشتیوانی ماڵی تێرۆریستان دەکات، هەر بۆیە داوای لە وڵاتانی دیکە و بەتایبەت یەکیەتیی ئورووپا کردووە، کە پێبەندی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران بن، بۆ ئەوەی سەرچاوەی یارمەتییەکانی تیرۆریستان وشک بکەن".