کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"نەورۆز بنەمای نەتەوەگەرییەکی سەردەمیانە"

12:59 - 8 خاکەلێوه 2719

داڵاهۆ

 نەورۆزی کوردستانی ڕۆژهەڵات چەن ساڵێکە بە هۆی ئاڵوگۆڕی بەڕێوەچوونەوە لەچاو جاران جیاوازترە و پێویستی بە شرۆڤەی نوێیە. بەرێوەچوونی ئاگری نەورۆز لە ڕابردوودا زۆر ساکار بووە و هەرکەسێک لە دەرگای ماڵەکەیدا ئاگرێکی بچووکی کردۆتەوە و هەروەها هەندێک نەریتی کۆمەڵایەتی لە ئاست منداڵاندا بەڕێوە چووە. لە ئێستەدا گۆڕانکارییەکان دەبێ بە شێوەی فرەڕەهەند، ڕاڤەی لە سەر بکرێ.

یەکێک لەو ڕەهەندانەی کە پێویستە بایەخی پێبدرێ باری دەروونناسیە. نەورۆز وەک کلتوورێکی کۆن و ژینگەناسانە بە شێوەی ناهوشیار (ناخودآگاە ) سەبارەت بە هەموو زیندەوەران و بە تایبەت مرۆڤەکان شادی هێنەر و خۆشی بەخشە. نەورۆزی ئیستە بە پێی کلتووری نوێ لە چوارچێوەی ماڵەکان تێپەڕیوە و خەڵکی شار و دێهات بە تێکڕا شوێنێکی تایبەتی بۆ دیاری دەکەن و هەم ئاگر و هەم بەزمی شادی پێکەوە بەڕێوە دەبەن. لەم چاخەدا کە کورد کێشەی نەتەوەیی چارەسەر نەبووە و زوڵم و زۆرێکی سیستماتیک لە لایەن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە دەرحەق بە گەلی کورد بەڕێوە ئەچێ بە شێوەی ڕاستەوخۆ کاریگەری لە سەر نەورۆز داناوە. نەورۆزی ڕۆژهەڵات بێجگە لە بەزمی شادی ئێستە بووەتە کۆڕی گەورەی نارەزایەتی. جیاوازی نەورۆزی کوردی و نەورۆزی نەتەوەکانی دیکە لە چەند بواردا خۆی دەرئەخات کە لێرەدا بە کورتی ئاماژەی پێدەکەم.

٭ خوێندنەوەی سروود و گۆرانی و شێعری کوردی لە نەورۆزدا بووە بە هۆی ئەوە کە ئەدەب و زمانی کوردی لە لای خەڵکی ببێ بە بایەخ و گرنگی پێبدەن. بەردەوامی نەریتی نەورۆز دەبێتە هۆی ئەوە کە هەرساڵ شێعر و گۆرانی تازەتر بێتە ئاراوە و هەروەها نەوەی تازەتر لەگەڵ ئەو بایەخگەلە ئاشنا ببن.

٭٭ هەڵپەڕکێی کوردی لە نەورۆزدا دەگاتە تەشقی خۆی و لاو و پیر و ژن و پیاو بە شێوەی دڵخوازانە لە شەقام و شوێنی بەڕێوە بردنەکاندا شانۆی شادی و هەڵپەڕکێ دەگێڕن. لەو کۆڕە نەتەوەییەدا هەموو کەس خەمەکانی وەلا دەنێ و بۆ چەند سەعاتێک شادی ئەگێڕێ. بەزمی هەڵپەڕکێی کوردی بێجگە لە شادییەکەی، دژایەتییەکە لەگەڵ کلتووری وشکی عاشوورایی کۆماری ئیسلامی. هۆی بێدەنگی دەسەڵات لە ئاست هەڵپەڕکێی جەماوەریدا لە ڕاستیدا یەکێتی و یەکڕیزی جەماوەرە.

٭٭٭جل و بەرگی کوردی لە ڕۆژانی نەورۆزدا شکۆی خۆی دەردەخات. جلی ڕەنگاوڕەنگی ژنان و پیاوان ئیلهام گرتووە لە سرووشتی ڕەنگاوڕەنگی کوردستان. لە دوای ڕاگەیاندنی ڕاسان هەندێک هێمای کوردی وەک جامانە، هەوری، گوڵی سوور بۆ خەمڵاندن و پێناسەی جیاوازتر زیاد کراوە بە ڕێوڕەسمەکان. شانۆی پڕشکۆی هێماکان لە ڕاستیدا قورسایی بزاوی سیاسی کوردی لە لای دەسەڵاتدا نیشان دا.

٭٭٭٭ ئاڵای کوردستان چەند نەورۆزێکە هەم وەک جلوبەرگی ژنان و هەم وەک بەیاخ لەو کۆڕە جەماوەرییەدا دەبینرێ. هەڵکردنی ئاڵا تووڕەیی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لێکەوتۆتەوە و گرژی درووست بووە.

بە خۆشییەوە هەرساڵ زیاتر شاهێدی پەرەسەندنی نەورۆز لە ناوچە کوردنشینەکان بە تایبەت ناوچە هەستیارەکانی وەک ئیلام، کرماشان، خۆراسان و گێڵان دەبین. نەورۆز بەو هێماگەلەوە کە باسمان کرد دەتوانێ ببێتە بنەما بۆ گەشەکردنی پرسی نەتەوەیی. لێرەدا جێی خۆیەتی ئەحزاب و ئێلیتی کوردی خوێندنەوەی فرەڕەهەند و زانستیانەیان بۆ نەورۆز ببێ و هەرساڵ هێما و دیاردەی نوێی پێ زیاد کەن و بە شێوەی مەعنەوی سنووری کوردستان و دەرەوەی کوردستان، لێک داببڕن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.