کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەورۆز جێژنی نەتەوەیی کوردستانە

11:08 - 4 خاکەلێوه 2721

هیوا کوردی

دیارە واقعی هەر کۆمەڵگایەک ئەوەیە کە بیروڕای جیاوازی تێدایە . تەنانەت زۆرجار‌ ئەو بیروڕا جیاوازانە بەرەو ڕووی یەکتر بوونەتەوە . کاتێک بیری مرۆڤ ئەوە بوو یا ڕەش یا سپی‌، ئەم چاخەی مێژوو چاخێکی پڕ لە مەترسی بوو. بەداخەوە بیروڕای‌ جیاواز کە بەرەو ڕوو یەکتر دەبوونەوە تون وتیژی و شەڕی ماڵ وێرانەکەری لێ دەکەوێتەوە.

کۆمەڵگاکانی ئێستا بەهۆی ڕاگەیەنە گشتییەکان و بەر یەک کەوتنەوەی فەرهەنگەکان بە شێوەیەکی تر سەیری بیروڕای جیاواز دەکەن .
دوکتۆر قاسملوو پێی وابوو یا ڕەش یا سپیمان نییە بەڵکوو لە نێوان ڕەش و سپی چەندین ڕەنگ هەیە. ئەم ڕوانگەیەی دوکتور بۆ کۆمەڵگای ئەمڕۆ پڕ بە پێسته. کۆمەڵگای کوردستان کومەڵگایەکی فرە ڕه‌نگ و پڕ لە ئایینی جیاوازییە .

کە گوتمان بیروڕای جیاواز‌ بەر یەک دەکەون ئەوەیە. لە ڕوانگەی موسڵمانان دوو جێژنی گەورە هەن کە قوربان و ڕەمەزانە.
لە باری نەتەوەییەوەیشەوە نەورۆز‌ جێژنێکی ‌کونی کوردانە. مامۆستا پیرەمێرد ئەو جێژنە بە شێعر‌ و بە کردەوە زیندوو کردەوە و ئێستا خەڵک لە هەر چوار بەشی کوردستان بە شکۆوە ڕێزی لێ دەگرن.

 زۆربەی خەڵکی کوردستان لە سەر جێژنی نەورۆز ‌کۆکن. بەشداریی لەڕادەبەدەری خەڵک سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە. دیارە بەشێکی زۆر لە خەڵکی کوردستان موسڵمانن. جێژنی قوربان و جێژنی ڕەمەزان بە جێژنی ئایینیی خۆیان دەزانن. هەروەها جێژنی نەورۆزیش بە جێژنی نەتەوەیی خۆیان دەزانن. زۆربەی موسڵمانانی کوردستان لەگەڵ ئەم دوو دەستە جێژن پێک هاتوون .

زۆر کوردی موسڵمان هەن کە بەشداری لە جێژنی نەورۆز دەکەن و لەگەڵ ئایینەکانی وەک یارسان و ئێزیدی‌ و تەنانەت کەسانی بێ بڕوا دەیکەنە جێژن. دیارە ئەم کوردە موسڵمانانە باوەڕی موسڵمان‌بوونی خۆیان پاراستووە. دەکرێ بڵێین زۆربەی‌ کوردی موسڵمان دژی نەورۆز نین.

هندێک موسڵمان کە بەناو کوردن باری ‌نەتەوەییان بۆ گرینگ نییە. ئەوەی بۆیان گرینگە موسڵمان بوونە بەداخەوە ئەگەر‌ نەتەوەشیان بۆ گرینگ بێ نەتەوەی فارس و تورک بەگشتی و نەتەوەی عەرەب‌ بەتایبەتیان بۆ گرینگە. هەڵبەت کوردانی موسڵمان دژی زمانی عەرەبی نین و دەیخوێنن و پێشی دەنووسن بەڵام زمانی کوردیش بەهێند وردەگرن. مامۆستا هەژار کوردی زانێکی تاقانەیە. بەڵام عەرەبی زانێکی لەزەبریش بوو. لە فارسی زانیش گەیاندوویەتە لووتکە.

پێکهاتنێکی کۆمەڵایەتی لە نێو کۆمەڵگای کوردستان پێکهاتووە کە زۆربەی هەرە زۆری ئایینەکان جێژنی نەورۆز بە جێژنێکی نەتەوەیی دەزانن.

ئێستا هەندێک موسڵمانی کورد بە مەوعیزە بەرەوڕووی جێژنی نەورۆز بوونەتەوە .دەیانهەوێ ئەم پێکهاتنە کۆمەڵایەتییە تێک دەن. بۆ ئەوەی لایەنی ئینسافمان بەرنەدابێ هەندێک کەسی بێ بڕوا بە ئایینی ئیسلامیش هەر دووک جێژنی ڕەمەزان و قوربان دەکوتن و ئەم پێکهاتنە گشتییە کۆمەڵگای کوردستان تێک دەدەن. ئەم مامۆستا ئایینییانەی دژی جێژنی نەورۆزن دەیانهەوێ ئیدئۆلۆژی خۆیان بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنن چونکە دەسەڵاتیان نییە ناتوانن بە کردەوە ڕووبەڕووی خەڵک ببنەوە کە جێژنی نەورۆز بەڕێوە دەبەن .ئەگینا ئەگەر دەسەڵاتیان هەبا وەک کۆماری ئیسلامی و داعش بەرە بەری نەورۆز‌ کەشی تەناهییان ساز دەکرد. پیشیان بە خەڵک دەگرت و ئەگەر‌ خەڵک پێداگر ببا دەستیان بۆ کوشتنی‌خەڵکیش دەبرد .

لێپرسراوی گشتیی حیزب هەموو جێژنەکانی نەتەوەیی و ئایینی پیرۆز دەکا. ئەوە نیشانەی باوەڕ بە فرە دەنگی و فرە ڕەنگیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە.
ئەوانەی جێژنی نەورۆز وەک جێژنی نەتەوەیی‌ چاو لێ دەکەن لە کوردستاندا لە زۆرینە دان.
دەکرێ بڵێین کاتێک زۆرینەی کۆمەڵگایەک باوەڕیان بە دیاردەیەک هەبوو، ئەوە هێزێکی زورینەش‌ ساز ‌دەکا. ئێستا کە هەندێک موسڵمانی کورد بەڕەوڕووی نەورۆز ‌دەبنەوە بە مەوعیزە بووە. دەکرێ کوردانی موسوڵمان وەک یەکیەتیی زانایانی ئایینی باشوور‌ی ‌کوردستان و یەکیەتیی زانایانی ئایینی‌‌ کوردستانی ئێران بە بەڵگەی ئایینی‌ بەرەوڕووی ئەو ماموستایانە ببنەوە. دڵنیام ئەگەر بەڵگەی بەهێزیان ڕووبەڕوو کەنەوه ئەوانیش ئاوا دەمارگرژانە بیروڕای‌ خۆیان دەرنابڕن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.