کوردستان میدیا: لە شار و گوندەکانی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە نیسبەت بەڕێوەبردنی جێژنی نەورۆز، هەڕەشەی لە خەڵک دەکرد بەڵام خەڵک هەیمەنەی ڕێژیمیان شکاند.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و بەتایبەت دوایین چوارشەممەی ساڵ، زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستان، ڕێوڕەسمی تایبەت بە نەورۆزیان بەڕێوە برد.
لە شارەکانی پیرانشار، مەریوان، مەهاباد، سەردەشت، بۆکان، کرماشان، دیواندەرە، جوانڕۆ، سنه، ورمێ، سەقز و زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستان، خەڵک بە پێشوازیی ساڵی نوێیەوە چوون.
لەو ڕێوڕەسمانەدا، خەڵکی تێکۆشەری کوردستان، بە هەڵکردنی ئاگری نەورۆز، لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردەواری، لەمل کردنی جامانە و پۆشینی جلوبەرگی خاکی و هەڵپەڕکێ پێشوازیان لە نەورۆز کرد.
هاوکات لەو ڕێوڕەسمانەدا خەڵک نوقڵ و شیرینیان بڵاو کردووەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی ئەوە چالاکییانەدا، خەڵک لە کاتی بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆزدا، دروشمی تایبەت بۆ پشتیوانیی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتووەتەوە و هەروەها تراکت و پۆستێری تایبەتیان بڵاو کردووەتەوە.
هاوکات هەر بە بۆنەی جێژنی نەورۆزەوە، لە شاری مەریوان کتێبی کوردی لە نێو منداڵاندا بڵاو کرایەوە.
بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی پێشوازیی لە جێژنی نەورۆز لە کاتێکدا بووە، کە سەرجەم بنکە و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، هەڕەشەیان لە خەڵک دەکرد، کە نابێت ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆز بەڕێوە ببەن.
هاوکات ڕێژیمی ئێران، لە چەندین شار لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆزدا هێرشی کردووەتەوە سەر خەڵک و تەقەی لە خەڵک کردووە.