کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەورۆز و بزاڤی ڕزگاریخوازی

23:32 - 6 خاکەلێوه 2722

ڕووش

نەورۆزی ئەمساڵ و پێشوازی بێوێنەی خەڵک لەم بۆنە نەتەوەیی و سیاسی و مێژووییە وای کرد کە مرۆڤ بێتە سەر ئەو باوەڕەی نەورۆز چیدیکە بۆ ئێمەی کورد تەنیا بۆنەیەک لە چوارچێوەی گۆڕانی کەشوهەوا و سروشت یان بۆنەیەک بۆ شایی کردن و شادی دەربڕین نییە! بەڵکوو نەورۆز بووەتە بزاڤێکی سیاسیی ڕزگاریخوازانە کە تێیدا کورد خۆی لە بەرەیەکدا دەبینێتەوە کە داگیرکەری خاکەکەی سیلەی لێ گرتووە.

ئەگەرچی ڕێژیمی داگیرکەر پێش لە نەورۆز و لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٤٠٠، دەستی بە بانگهێشت و گرتن و چاوسوورکردنەوە و قامک ڕاوەشاندن لە خەڵک و بەتایبەت لە لاوانی کوردستان کرد و هەوڵی دەدا خەڵک بترسێنێ تا بەشداریی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان نەبن  و پشت لە داخوازی حیزبەکانیان بکەن، ئەوا دیتمان کە کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نەتەنیا گوێی بە مۆڕەکردنی چاونەزێرانی حکومەتی نەدا و بەلایەوە گرینگ نەبوو، بەڵکوو بەوپەڕی تواناوە هەوڵی گەرمڕاگرتنی کەشی نەورۆزی ئەمساڵیان دا و بە بڵێسەدارترکردنی ئاگری نەورۆزی ئەمساڵ، وڵامی "لەگەڵبوونیان" بە شاخ دایەوە و دیسانەوە دوژمنی دۆشداماویان، تاساند!

سەرەڕای سەرکوتی ئازادیخوازانی کورد و برسی هێشتنەوەی خەڵک و درووستکردنی کەشی خەفەقان لە کوردستان، نەورۆزی ڕۆژهەڵات بەهۆی ئەندازیاری و ڕێنموونی بزوتنەوەی سیاسیی کوردستان لەوپەڕی شکۆ و پێشوازی و گەرموگوڕیدا بەڕێوە چوو. جامانە ، هەوری و گوڵی سوور لە ئیلام و کرماشان و گەڕووس و برادۆستدا سپای خوێن و سێدارەی تووشی شۆک کرد.

ژنانی کورد بە مەدەنیترین شێواز زیاتر لە پیاوان، ڕۆڵی سەرەکیان لە ڕازاندنەوەی خۆیان و منداڵان و لە ئاکامدا خەمڵاندنی نەورۆز و بەهاردا گێڕا. بیری نەتەوەگەری سەرەڕای ئەوەیکە ڕێژیم لە کوردستان چەندین ڕێکخراوی ناڕەسەن و جیهادی و تیرۆریستی پێکهێناوە، بەڵام بەو پێشوازییە گەرمەی جەماوەر لە نەورۆز و ڕەسەنایەتی بۆ دۆست و دوژمن سەلمێندرا کە ویستی خەڵک چییە و پێڕەوی لە کام قوتابخانەی ڕاستی دەکەن.

ئەوەیکە لە نەورۆزی ئەمساڵدا بینرا و چاوی دوژمنی پێ کوێر و کزتر لە جاران کرد و چاوی دۆستی، ڕوون و گەشاوەتر کرد ئەو کەتوارە بوو کە خەڵکی کوردستان، بێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازییە ئایینییەکانیان، بێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازییە فکری و ئایدیاییەکانیان، لە چەپی چەپەوە تا ڕاستی ڕاست، نەورۆزیان کردە هێما و خاڵی یەکگرتوویی نەتەوەیی؛ کە ئەم پرسە خۆی لە خۆیدا نیشاندەر و دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە گەلی ئێمە لە ئێستەدا سەرقاڵی تێپەڕین لە قاوخێکی سازکراوی دەستی مێژوو و بیری کۆن و داگیرکارییانەیە کە بەردەوام هەوڵی داوە ئەو چەواشەکارییە لە زەینماندا بخزێنێت کە کورد نەیتوانیوە و ناتوانێ جیاوازییەکانی نێو ماڵی خۆی قبووڵ بکات کەواتە دەبێ هەردەم برا گەورەیەک (کە ڕوونە لێرەدا مەبەست خۆیەتی!) بە لاسەرییەوە بێت و چاکە و خراپەی پێ بڵێت و ڕێنوێنی بکات بەڵام وەک باس کرا کورد لەم بەرەنگارییە نەورۆزییەدا پەیامێکی زۆر گرینگ و مێژوویی بە داگیرکەر دا کە ئەویش ئەم کەتوارەیە: ئێمەی کورد دەتوانین یەک بین و بە یەکگرتوویی و بە وەلانانی جیاوازییە ئایدیاییەکانمان دەتوانین بەرەوڕووی چاونەزێرانی خاکەکەمان ببینەوە بۆیە نەورۆز لە قەوارەی بۆنەیەکی ئاسایی ناهێڵینەوە و دەیکەینە خاڵێکی وەرچەرخان لە نێو بزاڤی ڕزگاریخوازانەمان. نەورۆز بۆ ئێمە تەنیا بۆنەیەک نییە بەڵکوو بۆخۆی بزاڤێکە لە ڕاستای خەبات بۆ نەهێشتنی ستەم و گەیشتن بە ئازادی.