نەوید کەرەمی
نەورۆز، جێژنی لەمێژینەی نەتەوەی کورد، لە دێرزەمانەوە هەر ساڵە لەگەڵ نوێبوونەوەی وەرزی بەهار و هەناسەکێشانی خاک و سەرهەڵێنانی گۆڵاڵە و پشکوتنی گەڵای دارەکان، لە هەموو گوند و شارەکانی کوردستاندا بە کردنەوەی ئاگر و گوتنەوەی گۆرانی و هەڵپەڕکێ و سەمای کوردەواری، بەڕێوە دەچێت.
کردنەوەی ئاگر، بە مانای ڕاماڵینی شەوەزەنگی سەرما و سۆڵەی زستان، لە مێژووی دێرینی کوردەواریدا وا گرێی لەگەڵ سەرکەوتنەکانی کورد بەسەر دوژمنانی نیشتماندا خواردووە، کە هەنووکە نەیارانی کورد بە هەموو شێوەیەک هەوڵی پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمە دەدەن یان لە هەوڵدان هەتا مێژووی ئەو جێژنە کوردەوارییە بۆ نەتەوەیەکی دیکە و وڵاتێکی دیکە تۆمار بکەن.
ئەگەرچی بەڕێوەبردنی جێژنی نەورۆز وەک یادگارێک لە مێژووی دێرینی نەتەوەی کورد، وەک شانۆیەکی هونەری و فەرهەنگی بەرچاو دەکەوێت، بەڵام مادام ئەم جێژنە مێژووییە وەک هێمایەکە بۆ وەبیرهێنانەوەی شایی نەتەوەی کورد و زاڵ بوونی بەسەر زوڵم و تاریکی و هەروەها ورەبەخشینێکە بۆ کۆتاییهاتنی هەر تاریکییەک و هەڵاتنی خۆری ئازادی و سڕینەوەی هەموو مەینەتییەکان بە شەوق و تینی ئاگر، نەورۆز لە کوردستاندا تێکەڵ بە سیاسەت و شۆڕشی گەلەکەمان بۆ ڕزگاری نیشتمان بووە.
خوێندنەوە و سەرنجدان بە شێعری شاعێرانی کورد کە لە وەسفی نەورۆزدا هۆنراوەیان هۆنیوەتەوە و شێعریان نووسیوە، لە پەنای ڕستەکان و پێچی پیتەکانیاندا، پەیامی سیاسی خۆیانیان بە نەتەوەکەیان گەیاندووە، چ ئەو کاتانەی کە نەورۆز هاوکات بووە لەگەڵ سەرکەوتنەکانی کورد یان ئەو سەردەمانەی کە کوردستان بووەتە تاریکستان و هەوری ماتەمین باڵی بەسەر نیشتمانەکەماندا کێشابێت.
رەحیم لوقمانی:
رۆژ لە ئاسۆی سوور شەوق ئەداتەوە
ئەڵێ ئەمساڵیش نەورۆز ھاتەوە
کەوی دڵداری ئازادی و جوانی
دەروونی کەیلی سۆزی گۆرانی
بەری حەسرەتی دڵ ئەکاتەوە
بانگی پەڕاوپەڕ دەنگ ئەداتەوە
لە سەر قەندیل و شاھۆ و نەکەرۆز
ئەڵێ: گەلی کورد نەورۆزتان پیرۆز
ھێدی:
جێژنی کۆن و ساڵی تازەی کوردەواری ھاتەوە
ھاتەوە ئاگری خەباتی ئەو گەلە خۆش کاتەوە
ھاتەوە جوانتر لە جاران جێژنی کاوەی (کوردی) قارەمان
شوێنەواری میدیا باپیرە گەورەی کوردەکان
مامۆستا حەقیقی:
مزگێنی بێ ھات ساڵی نوێ
خۆشی دوای خۆشی جوێ بە جوێ
بڵێن بەخت چیدی نەنوێ
ئەستێرەی مەش سەری ناسوێ
وە بیرت دێ چمان دی دوێ
زوو راپەڕن مەبن شلوێ
ئەوا ھات پەیکی ئازادی
بە رووخۆشی و کەیف و شادی
کۆشێ گوڵی گەشی پێیە
مەعلووم بەشی مەشی پێیە
مەلا کەریمی زاری:
سەبا ھەستە لە خەو نەورۆز واھات
بڵێ با لەشکری زستان بڕوات
بەسە جەور و جەفای بەھمەن و دەی
لە دڵ سەبر و لە تەن خۆ گیان دەرھات
بە سەرمانا کڕێوەی بەفر تاکەی
بدات و دابپۆشێ شار و دێھات
ھەتا کەی تەم بەری خورشێد بگرێ
لە رووناکی بەری بن ھەردو باغات..
لە بەندیخانەکەی دەردێ گوڵاڵە؟
ئیلاھی تا بولبول بگات بە ئاوات
بە ئاوی شەونمت پێویستە سەوزە
سەر و زڵف و دەم و چاوێک بشوات
سەبا بێ دێرە نازانی کە "زاری"
لە جەوری بەھمەن و دەی چی بە سەر ھات؟
ئەمین گەردیگلانی:
بە زەبری مشتی تیشکی خۆر شکا پشتی رنوو ئەمڕۆ
شنەی با دایڕنی کفنی سڕی داران بەفوو ئەمرۆ
چلوورە و بەستەڵەک پاکی بەجارێ تەفرو توونا بوون
عەتر دەڕژێ لە ئاسمان و نەما باوی کولوو ئەمڕۆ
عبدوڵڵا پەشێو:
ئەمساڵ بێ چیا نەورۆز ناکەم . بێ بۆنی گیا نەورۆز ناکەم .
نەورۆز ناکەم بێ بڵێسەی سووری ئاگر . نەورۆز ناکەم گەر ڕەشبەڵەک تۆز نەکات وبەخۆم نەبمە سەرچۆپیگر .
هەر وەک لە هۆنراوەی هۆنەرانی کلاسیک و نوێی کوردستانڕا دیارە، نەورۆز جێژنی لەمێژینەی نەتەوەی کوردە، بەڵام بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە، بە هۆی بێدەسەڵاتی و بێکەسی گەلەکەمان ئەو جێژنە بە ناوی ئەفغانستان، پاکستان، عێراق و تورکیە و ئێرانەوە تۆمار کراوە و ئەو وڵاتانە هەروەک ڕەساڵەتی مێژوویی خۆیان ئەو فەرهەنگ و داب و نەریتەیان بەناوی فەرهەنگی خۆیانەوە تۆمار کردووە.
لێکۆڵەران و شارەزایان وا باس دەکەن، کە: "کیومەرسی کەی، یەکەمین پادشای کورد لە یەکەمین ڕۆژی سەری ساڵدا لە شاخەکان دێتە خوار و کیان و شارستانیەتی کوردی دروست دەکات، وا دەگێڕنەوە کە نەوەی ئەم کیومەرسە کاتێک لە شاخەکانی ڕەواندزدا بەسەر ئەهریمەن زاڵ دەبێت، لە شادی و خۆشی ئەو سەرکەوتنەدا ئاگر دەکەنەوە و شادی دەگێڕن".
شارستانیەت و مێژووی کورد لە سەردەمی پاشایەتی دیاکۆدا واتە 2719 ساڵ لەمەوپێش، کاتێک کە مادەکان ڕۆژژمێریان دیاری کردووە ڕۆژی یەکەمی بەهاریان وەک نەورۆز و سەری ساڵ دەستنیشان و وەک جێژنی نەتەوەیی دیاری کردووە.
ئەمساڵ ٢٧١٩ ساڵ بەسەر مێژووی تۆمارکراوی گەلەکەمان و ڕۆژژمێری نەورۆزیدا تێدەپەڕێ، ئەوەی کە لەسەر ئێمەی کورددا فەرزە، ئەوەیە کە هەر ساڵ جێژنی نەتەوەیی خۆمان، کە هەم یادگارێکە لە دەسەڵاتەکانی پێشووترمان و هەمیش زیندووکردنەوەی یادگاری کۆنی باب و باپیرانمانە، هەرچی بەپێزتر بەڕێوە بەرین و بەپێچەوانەی هەڕەشە و گۆڕەشەی داگیرکەران و دوژمنانی گەلەکەمان کە بە نیازی سڕینەوەی کلتوور و فەرهەنگی ئێمەن، داب و نەریت و مێژووی گەلەکەمان زیندوو ڕابگرین و بیپارێزین.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.