کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەورۆزانەی ڕێژیم بۆ خەڵک هاوردە کردنی چەکی نوێ بۆ سەرکوتە

13:09 - 29 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیم بۆ سەرکوتی زیاتری خەڵکی ئێران و بە تایبەتی کوردستان هێزە نیزامییەکانی خۆی بە چەکی نوێ تەیار دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لە جێگری ئامادەیی و پشتیوانی ڕێژیم، بەپێی بڕیاری فەرماندەیی هێزی ئینتیزامی ڕێژیم (ناجا) و پەسەندکراوی شۆرای ئەمنییەتی ڕێژیم، بۆ پێشگرتن و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە ئێران و بە تایبەت لە تاراندا، هەوڵی کڕین و هاوەردەکردنی چەکی "فلاش باڵـ"ـیان بۆ تەیارکردنی هێزەکانی یەگانی تایبەت داوە.

بە هۆی کاریگەربوونی ئەم چەکە لە ناڕەزایەتییەکانی فەرانسەدا، فەرماندەی هێزی ئینتیزامیی ڕێژیم بە وتووێژ و ڕاویژ لەگەڵ بەرپرسانی شۆرای ئەمنییەتی رێژیم (شاک)، توانی مۆڵەتی هاوەردەکردنی ئەو چەکە بۆ تەیارکردنی هێزەکانی وەربگرێ.

یەکەمین باری گەیشتووی ئەو چەکە لە مانگی ڕەشەمەی ئەمساڵدا هاوەردە دەکرێت و هەروەها بارەکانی دیکەی ئەو چەکە ڕادەستی یەگانە ئەمنییەتییەکانی دژە شۆڕشی بەسیج دەکرێت هەتا لە ناڕەزایەتییەکاندا دژ بە خەڵک کەڵکی لێ وەربگیردرێ.

چەکی "فلاش باڵ" لە لایەن کۆمپانیای "وێرنی کارۆنـ"ـەوە بەرهەم دێت، کە بەرهەمهێنەری چەکەکانی ڕاوکردنە و کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا لە جیاتی چەکی گەرم لە گەڵ باتووم و گولـلەی پلاستیکی کەڵکی لێ وەردەگیردێت و بەپێی زانیارییەکانی بەرهەمهێنەری ئەو چەکە، جۆری ستانداردی ئەو چەکە دەتوانێت مرۆڤ بە سەختی بریندار بکات.

هەروەها باس لەوە کراوە چەکی "نارنجۆک‌هاوێژی گازی فرمێسکڕێژ" لەگەڵ تەقەمەنی پێویستی درووستکراوی وەزارەتی بەرگریی ڕێژیمی ئێران، ڕادەستی هێزە ئینتیزامییەکانی ڕێژیم کراوە و بەپێی بڕیارەکانی ئەم دواییانە، سەرجەم بورجەکە پاسەوانییەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزی ئینتزامی ڕێژیم بەو چەکە تەیار کراون .