کوردستان میدیا: ئاگری نەورۆز لە گوندی نێی قەڵای دێموکرات و گوندی نییەری مەکۆی شۆڕش، بە بەشداری هەزاران کەس بەڕێوەچوو.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١ی خاکەلێوە ئاگری نەورۆز لە نێی جامانە لە مل و مەکۆی شۆڕش و هەروەها نییەری خاکیپۆش هەڵکرا و نەورۆزی سەمای ئازادی بە شکۆیەکی کوردانە و لێوانلێو لە بوێری و شۆڕشگێڕی بەڕێوەچوو.
لەو رێوڕەسمانەدا جامانە لە ملانی شار بانگی ئەی ڕەقیبیان هەڵدا و هەوری لە ملانی شەقام سەرچۆپی کێشانی سەمای ئازادی بوون و بە گوڵی سوورەوە بە پێشوازی عەشقی نیشتمان و ئاسۆی ڕزگارییەوە چوون.
ڕێوڕەسمی نەورۆز لە "نییەری" دێموکراتپەروەر هاوچەشنی ساڵانی ڕابردوو، کە بەشکۆیەکی زیاترەوە بە بەشداری هەزاران کەس بەڕیوەچوو، سەلمێنەری درێژەدانی گەلی کورد بە ڕێبازی شەهیدانە و هەروەها پێدانی وەڵامێکی قورس و قایمە بە سیاسەتە نگریسەکانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران و گەڕانی خوێنی شۆڕشە بە نێو دەمارەکانی شاردا.
هەروەها ڕێوڕەسمی نەورۆزی سەمای ئازادی لە نێی قەڵای دێموکرات و جامانە لە مل بە وتنەوەی سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و چەند سروودێکی نیشتمانی دیکە و بەرزکردنەوەی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، بەڕێوەچوو و ئەوەی دەبینرا هەوری و جامانە و جلی خاکی و گوڵی سوور بوو کە هێماکانی جمانی شارن.
هەر لەو پێوەندییەدا لە گوندی کۆسە کەرێزی سەر بە شاری مەهابادی قازییەکان، ڕێوڕەسمی نەورۆزی سەمای ئازادی بە خوێندنی سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و گێڕانی گۆڤەندی شایی و سەمای ئازادی ئاگری نەورۆزیان پڕگڕتر کرد.
خەڵکی خەباتکاری کوردستان لە هەموو شار و گوندەکانی کوردستان بە دەم بانگەوازی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێرانەوە هاتن و نەورۆزی سەمای ئازادییان بۆ هەرچی زیاتر وەلەرزە خستنی دڵی لەرزۆکی ڕێژیم بەڕێوە برد.