کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هائارێتز: هێرش کرایە سەر بارەگای حیزبی جیاییخوازی کوردی ئێران لە عێراق، حیزبەکە تاران بە ئەنجامدەری ناو دەبات

16:06 - 18 خەرمانان 2718

شەممە، ٨ی سێپتامبر

وەرگێڕان: ڕەزا فەتحوڵانژاد

هێرشێک ڕۆژی شەممە کرایە سەر بارەگای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە عێراق کە کوژرانی لانیکەم ١١ کەس و برینداربوونی ٥٠ کەسی لێکەوتەوە و بەرپرسانی حیزبەکە دەستبەجێ قامکیان بۆ لای تاران وەک ئەنجامدەری هێرشەکە راکێشا.

میدیاکانی سەر بە حکوومەتی ئێران و هێزە نیزامییەکەی دوابەدوای هێرشەکەی سەر کۆیە کە نزیک ٣٠٠ کیلۆمەتر لە بەغدادەوە دوورە، پەرچەکرداریان لە خۆیان نیشان نەداوە.

ئەم حیزبە کە ئەکرۆنیمەکەی دەبێتە PDKI، لە تویتێریدا تارانی بە کەڵکوەرگرتن "لە مووشەکی دوورهاوێژ لە هێرشێکی هاوکاریکراو بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کەمپەکانی پەنابەران لە تەنیشتی تاوانبار کرد". ئەم حیزبە وێنەی بەرزبوونەوەی دووکەڵی لە شوێنی هێرشەکان بڵاو کردەوە.

مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی ئەم حیزبە، و خالید عەزیزی، سکرتێری پێشووتر بریندار بوون، بەپێی راپۆرتی کاناڵی کوردی سەتەلایتی رووداو.

هێرشەکە پاش ئەوە هات کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕۆژی هەینی ئێرانی بە "تۆپبارانی کوێرکوێرانەی"ی ناوچە سنوورییەکانی ئێران و عێراق تۆمەتبار کرد.

میدیا ئێرانییەکانی هەر لە ڕۆژی شەممەدا راپۆرتیان لە لەسێدارەدانی سێ بەنداوی کورد پاش ساڵانێک لە دوای بەندکرانیان دا.

کوردەکان نزیک ١٠ لەسەدی حەشیمەتی ٨٠ میلیۆنی ئێران پێک دێنن و زۆربەیان لە ناوچە شاخاوییەکانی باکووری ڕۆژئاوای ئێران دەژین کە دەبێتە سنووری ئێران لەگەڵ تورکیە و عێراق.

کۆمارێکی کوردی جیاییخواز بە پشتیوانی یەکیەتیی سۆڤیەتی پاش شەڕی دووهەمی جیهانی سەریهەڵدا و پاش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩یش، راپەڕینی کوردەکان بۆ ساڵانی پاش ئەو شۆڕشە سەریهەڵدا. شەڕی گەریلایی لە لایەن PDKIیەوە تا نیوەڕاستی نەوەدەکانی زایینی درێژەی کێشا. لە ١٩٩٦ لە پاش شەڕی نێوان هێزە چەکدارە کوردییەکانی پاڵپشتیکراوی ئێران و عێراق لە باکووری عێراقدا، ئەم حیزبە ئاگربڕی تاکلایەنەی راگەیاند.

تووڕەیی کوردەکان کە بە هۆی کونتڕۆڵی کوردەکان بەسەر ناوچەیەکی باکووری عێراقدا هیوایان گەشاوەتەوە، لەم دواییانەدا زیاتر بووە. لە ڕووداوێکدا، مەرگی پێشخزمەتێکی کورد لە مانگی مای ٢٠١٥دا لە هۆتێلێک لە شاری مەهاباد، هەڵکەوتوو لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران رابوونی کوردەکانی بەدواوە بووە و هاوکات گرووپە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئێرانیان بە دەست هەبوون لەو کوشتنەدا تۆمەتبار کرد.