کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاتنی سێڵاو لە پارێزگای ورمێ

18:55 - 4 خاکەلێوه 2721

بەدوای بارینی بارانی بە لێزمە، لە پارێزگای ورمێ سێڵاو هاتووە و خەسارێکی بەرچاوی بە زەویی کشتوکاڵی خەڵک گەیاندووە.

بەپێی زانیارییەکان سێڵاوێکی قورس لە شارۆچکەی سیلوانا و گوندەکانی دەوروبەری هاتووە و چەندین پردی بچووک و خانووی هاووڵاتییانی خراپ کردووە.

لەنێو شاری ورمێ شەقام و کۆڵانەکان تووشی ئاوگرتوویی بوونە و هاتوچۆی خەڵک بە دژواری ئەنجام دەدرێت.

هەروەها لە شنۆ بەهۆی هاتنی سێڵاو خەسارێکی زۆر بەر زەویی کشتوکاڵی گوندنشینەکان بە تایبەت گوندی "سەوجە" گەیشتووە و چۆمی نێو شاری "شنۆ"ش لافاوێکی زۆری پێدا دێتە خوارەوە.

هۆکاری سەرەکیی پێگەیشتنی خەسار بە زەوی و زاری خەڵک بەهۆی هاتنی سێڵاو دەگەڕێتەوە بۆ: "هەڵگرتنی لەڕادەبەدەری خیز لە چۆمەکان، جۆماڵنەکردنی جۆگەکان بەر لە هاتنی سێڵاو، لەنێوبردنی گیا و گوڵ، بڕینی دارستانەکان و کێڵانەوەی لێڕەوارەکان لەو ناوچانە کە مەترسیی هاتنی سێڵاویان تێدا زۆرە".

هەر ساڵە لە پارێزگای ورمێ بەهۆی هاتنی سێڵاو خەسارێکی زۆر بە مڵک و ماڵی خەڵک بە تایبەت گوندنشینان دەکەوێت.