ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی خەزەڵوەر داوی بارینی باران و هاتنی لافاو لە مەهاباد، کەمتەرخەمی و ناکارامەیی بەڕێوەبەریی قەیران لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیم لەو شارە زۆرتر ئاشکرابوو، بەو هۆیەوە زیانێکی زۆری ماددی بە هاووڵاتیانی ئەو شارە گەیشتووە.
''ئەمیر جەعفەرزادە'' بەرپرسی ڕێکخراوی مانگی سوور لە مەهاباد باسی لەوە کردووە بەهۆی ئەم لافاوە خەسارێکی زۆر به سیمای شار و ١٣ خانوو لە شەقامی "ڕووناس" لە مەودای ١٠ کیلۆمیتریی نێوان "شوعبە" تا گەڕەکی "موکریان" کەوتووە.
هاووڵاتییان لە مەهاباد باس لەوە دەکەن شارەداریی ئەو شارە هیچ پلان و گەڵاڵەیەکیان بۆ ئەگەری ڕووداوێکی لەم چەشنە نەبووە و ڕێڕەوی لافاوەکان دیاری نەکراوە هەر بۆیە بەردەوام پاش بارینی باران دۆخی شار بەم شێوەیەی لێ دێت.
لافای ڕۆژی چوارشەممە لە شاری مەهاباد زیانی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام چەندین ماشین و خانووی هاووڵاتییان زیانیان پێگەیشتووە.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن ناوەندە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیم لە مەهاباد کەمترین بەشدارییان لە بەهاناوەچوونی خەڵک هەبووە.
شارەداریی مەهاباد نوقمی قەیران بووە و بەهۆی گەندەڵیی سیستماتیکی کاربەدەستانی ئەو ئیدارەیەی ڕێژیم چەندین کەس لە شواری شاری مەهاباد ساڵی ڕابردوو دەسبەسەر کران.
ئەم ناکارامەیی و گەندەڵی و کەمترخەمییەی بەرپرسانی رێژیم لەو شارە بەهۆکاری سەرەکی ڕووداوەکان دادەنرێت.