کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"هادی یەزدانی" بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا

11:54 - 12 بانەمەڕ 2720

"هادی یەزدانی" یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا.

"هادی یەزدانی" یەکێک لە دڵسۆزانی گەل و نیشتمان و ئەندامی چالاکی دەستەی دامەزرێنەری یەکيەتیی پیشەیی مامۆستایانی كوردستانى ئيران، كۆميتەى شارى سەقز، بە شێوەیەکی گوماناوی کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو چەندین جار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بانگهێشت کرا و هەڕەشەی لێکرابووە.

کاک "هادی یەزدانی" مامۆستای دەبیرستانەکانی سەقز و ورمێ بووە.

مامۆستا "هادی" لە ساڵی ١٣٧٣وە لە ئیدارەی پەروەردەی سەقز وەک مامۆستای وێژەی فارسی دامەزرا، بەڵام بەهۆی ئۆگری بە زانست، درێژەی بە خوێندن دا و ساڵی ڕابردوو لە زانکۆی ورمێ بە پلەیەکی بەرز دوکتورای لە بەشی زمان و ئەدەبی فارسی وەدەست هێنا.

بەپێی زانیارییەکان، مامۆستا "هادی" چەند ڕۆژ پێشتر گەڕابووەیەوە سەقز، هەتا سەردانی کەسو‌کاری بکات، بەڵام ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی بانەمەڕ، تەرمەکەی لە بەنداوی "چراغ ‌وەیس" دۆزرایەوە.

مامۆستا "هادی یەزدانی" بێجگە لە پیشەی خۆی کە مامۆستایەتیی وێژە و ئەدەبی فارسی لە دەبیرستانەکانی سەقز و ئیلام و دواجاریش لە ورمێ بوو، ڕابردوویەکی لە هونەری شانۆگەری ‌و شێعر و نووسین لە پاش خۆی بەجێ‌ هێشت.

وەرگێڕانی دیوانە شێعری "ئێوارەکە"ی سەید عەلی حوسێنی لە زمانی کوردییەوە بۆ فارسی، شەرحی "دیوانی کاتبـ"ـی سلێمان بەگ بابان و کۆمەڵە شێعرێک بە ناوی "یەک فنجان چای"، ئاماژەیەک بە چەند بەرهەمێکی ناوبراون.

ناوبراو یەکێک لە ڕووخسارە دیارەکانی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی پارێزگەی سنە بوو کە هەم لە نووسینەوەی ئەساسنامە و دامەزراندنی ئەنجومەنەکانی سەقز و بانەدا ڕۆڵێکی بەرچاوی گێڕاوە و هەم دواتریش هەتا ئەو جێگەی کە توانی بەرپرسایەتی ‌و ئەرکەکانی لە کەش و هەوایەکی زۆر دۆستانەدا لەگەڵ هاوکارانی بە ئەنجام گەیاند.

مەرگی مامۆستا "هادی یەزدانی" بووە هۆی ئەوەیکە کوردستان یەکێک لە ڕۆڵە چاوکراوە و بە وەفاکانی خۆی لەدەست بدات.