کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاواری خەڵکی تینوو و بێئاوی سیستان و بەلووچستان بە گوێی هیچ بەرپرسێک ناگات

12:59 - 11 خەرمانان 2720

خەڵکی هەژار و بێدەرەتانی گوندەکانی سیستان و بەلووچستان سەرەڕای نەبوونی هیچ ئیمکانات و خزمەتگوزارییەکی پەروەردەیی و تەندروستی، بێئاویش تەنگی پێ هەڵچنیون.

بەپێی ئامارەکانی ڕێژیم، ٨١ لەسەدی گوندەکانی "دەشتیاری" و "چابەهار" لە ڕێگەی تانکەر و سەتڵەوە ئاوی پێویستی خۆیان دابین دەکەن و ناتەندروستبوونی ئاو لەو گوندانە ڕۆژانە قوربانی دەگرێت.

نەبوونی ئاو لە گوندەکانی ئەو پارێزگایە خەڵکی ناچار کردووە کە بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیان ڕوو بکەنە چۆم و ڕووبارەکان و بەو هۆیەوە چەندین کەس بە تایبەتی منداڵان لەنێو ئاودا خنکاون.

نەبوونی ئاو تەنیا کێشەی خەڵکی سیستان و بەلووچستان نییە و ساڵانێکە خەڵک لەگەڵ چەندین کێشە و گرفتی سەرەکی بەرەوڕوو بوونەتەوە و هەتا ئێستا هاواری خەڵکی ئەو پارێزگایە بە هیچ ئیدارە و ناوەندێکی ڕێژیمی ئێران نەگەیشتووە و ئەو پارێزگایە یەکێک لە هەژارترین و بێ ئیمکاناتترین پارێزگاکانی ئێرانە.