کوردستان میدیا: ئامریکا و ئیمارات، دژ بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هاوئاهەنگی دەکەن، تاکوو پێش بە سەرەڕۆیی و دەستێوەردانە ناوچەییەکانی ڕێژیمی تاران بگرن.
"برایان هووک"، نوێنەری تایبەتی ئامریکا بۆ کاروباری ئێران، ڕۆژی شەممە،١ی پووشپەڕ، لە وتووێژ لەگەڵ یەکێک لە بڵاڤۆکە ئینگلیزییەکاندا، باسی لە هاوئاهەنگیی نێوان ئامریکا و ئیمارات دژ بە سیاسەتە شەڕئەنگێزانەکانی ڕێژیمی ئێران کردووە و وتوویەتی کە ئەم هەنگاوانە بریتی دەبن لە ئاڵوگۆڕی زانیاری و چالاکیی هاوبەش لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.
ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا ڕایگەیاندووە: "هێزەکانی خۆمان لەو ناوچەیەدا زیاتر کردووە و ئەم سەفەرەی من بە مەبەستی چڕوپڕترکردنی هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە بەرامبەر هەر هێرشێکی ئێران و لاوازکردنی باری دیپلۆماسیی ئەو وڵاتەیە."
کردەوە تێرۆریستییەکان و ئاژاوەگێڕییەکانی ڕێژیمی ئیران، گەیشتووەتەوە ئاستێک کە هەموو وڵاتە زلهێزەکان و بەرپرسانی باڵای دەوڵەتان، هاوپەیمانی و هاوکاریی زیاتر پیک دەهێنن بۆ ئەوەیکە پێش بە هەر جووڵەیەکی ئەو وڵاتە بگرن کە نەبێتە هۆێ تێکدانی ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە.