دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەنیسبەت گیانلەدەستدان و برینداربوونی چەند هاووڵاتی بەهۆی ڕووخانی بینایەکی سێ تەبەقە لە نەوسوود لە پەیامێکدا هاوخەمیی خۆی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییان دەربڕی.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
خەڵکی خەباتگێڕی کوردستان!
بەداخەوە ئاگادار بووین، کاتژمێر ٨:٣٠ی بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، بەھۆی کێشەی گاز لە ساختومانێکی سێ تەبەقەیی لە شاری نەوسوود ژمارەیەک ھاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە و ژمارەیەکی تریش بریندار بوون و زیانێکی زۆر بەر ساختومانەکە کەوتوە.
ئەوەی کە بۆ کۆماری ئیسلامی گرینگ نییە، ژیان و ماڵی خەڵکی ئێران و کوردستانە و بەداخەوە پێڕانەگەیشتن و خزمەتگوزاری لە بارێکی زۆر خراپدایە کە ھەموو ئەو نەھامەتیانە لە سایەی بێ مودیریەتی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئیرانە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران،ھاوخەمیی خۆی بۆ گیانلەدەستدانی ئەو کەسانە بە بنەماڵە بەڕێزەکانیان و خەڵکی تێکۆشەری نەوسوود ڕادەگەیەنێت و ھیوای چاکبوونەوەی ھەرچی زووتر بۆ بریندارەکان دەخوازێ.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەزگای ڕێکخستنی گشتی
١٩ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی