کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاودیتنی شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ پارتی پێشکەوتنخوازی دێموکراتی کوردستانی سووریە

17:32 - 23 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: هەوڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەپێناو رێکخستنی نێو ماڵی کورد لە کوردستانی سووریە و بارودۆخی هەنووکەیی کورد لەو بەشە لە کوردستان، گرینگرتن باسەکانی دانیشتنی دوو شاندی پێکهێنابوو.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی \'\'مستەفا هیجری\'\' سکرتیری گشتی، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٢ی گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی، سەردانی بارەگای پارتی پێشکەوتنخوازی دێموکراتی کوردستانی سووریەی لە شاری سلێمانی کرد و لەلایەن شاندێکیانەوە بە سەرپەرستیی \'\'حەمید دەرویش\'\' سکرتێری گشتی پێشوازیی لێکرا.

لەو دیدارە دۆستانەیەدا باسێک لەسەر بارودۆخی ئێستای کوردستان، کورد و ناوچەکە لەلایەن دوو هەیئەتەوە کرا و حەمید دەرویش باسێکی لەسەر رەوشی ئێستای کورد و بە تایبەت بارودۆخی ئێستای ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریە و ئەنجومەنی نیشتمانی سووریەی لەم قوناخەدا کرد.

لەو دیدارەدا حەمید دەرویش داوای پشتگیری لە حیزبی دیمۆكراتی كرد بۆ ئەو دەست پێشخەرییەی بەریزیان بۆ كۆبوونەوەی هێزە كوردییەكان لەسەر بارودۆخی كورد لە سووریە و دیتنەوەی رێگاچارە بۆ یەكڕیزیی كورد لەو بەشەی كوردستان هەتا ئەو دەرفەتەی كە لەو بەشەی كوردستان هاتووەتە پێش لە كیس نەچێت.

لەو پێوەندییەدا مستەفا هیجری لەسەر بەردەوامیی هەوڵەکانی حیزبی دێموکرات لەپێناو یەکڕیزیی گەلی کورد لەو بەشە لە کوردستان پێداگریی کردەوە و وتی، ئەوەی لە توانای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بێت، لەو بارەوە وەک رابردوو درێغی ناکات.