کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوردەکردن بە کارتی بازرگانی وەک کاری قاچاخ لەقەڵەم دەدرێت

11:47 - 8 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران سەرەڕای ئەوی کە هیچ هەلێکی کار بۆ خەڵکی ئێران و بەتایبەت بۆ لاوان ناڕەخسێنن، هاوردەکردن بە کارتی بازرگانیش وەک کاری قاچاخ لەقەڵەم دەدەن.

"محەممەدجەعفەر مۆنتەزێری"، دادستانی گشتیی ڕێژیمی ئێران، بە دەرکردنی بەخشنامەیەک، بە هەموو دادستانەکانی ڕێژیمی ڕاگەیاندووە کە هاوردەکردنی کاڵا بە کارتی بازرگانیی کەسانی دیکە، وەکوو مامەڵەی قاچاخ بەئەژمار دێت.

بڕیاری دەرکردنی کارتی بازرگانی بۆ ئەو خەڵکەی کە لە سنوورەکاندا ژیان دەکەن، ماوەیەک پێش لە لایەن خودی ڕێژیمەوە درا و زۆربەی کەسەکانیش کارتی بازرگانیی خۆیان بە کەسێکی دیکە دەدەن تاکوو کاری هاوردەکردنەکە ئەنجام بدات و دواتر قازانجەکەی دابەش بکرێت، بەڵام بەپێی بڕیاری دادستانی گشتیی ڕێژیم، ئێستاکە ئەم کارە وەکوو کارێکی قاچاخ دەناسرێت و تووشی سزا دەبن. لە لایەکی دیکەشەوە، لە دۆخی نالەباری ئابووریی ئێستادا، بێکار دەمێننەوە و هیچ داهاتێکیان نابێت.

ماوەیەک پێش، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران باسیان لەوە کرد کە بۆ سازماندانی کاروباری کۆڵبەران، کارتی بازرگانییان بۆ دەردەکرێت، یەکێک لە مەرجەکانی دەرکردنی کارتی بازرگانی بۆ کەسانی حەقیقی، ٢١ ساڵ تەمەنە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان لە هەواڵدەرییە مافی مرۆییەکاندا، زۆربەی ئەو کەسانەی کە کاری کۆڵبەری دەکەن و تەنانەت لە لایەن خودی ڕێژیمی ئێرانەوە بریندار بوونە یان کوژراون، کەسانێکن کە تەمەنیان کەمتر لە ٢١ ساڵە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، ناوە ناوە بڕیاری تازە دەردەکەن و پاش ماوەیەک بە پێچەوانەی بڕیارەکانی خۆیان دەجووڵێنەوە و زیانێکی زۆریش بە خەڵکی ئاسایی دەگەیەنن.