کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوردەکردنی کاڵا بنەڕەتییەکان لە ماوەی ٩ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٢٤ لەسەد دابەزیوە

12:22 - 14 بەفرانبار 2720

جێگری گومرۆکی ئێران لە وتووێژێک لەگەڵ ڕۆژنامەی ''ئێرانـ''ـی سەر بە ڕێژیم وتوویەتی، زیاتر لە سێ میلیارد و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار هاوردەکردنی کاڵا بنەڕەتییەکان لە ماوەی ٩ مانگی یەکەمی ئەمساڵ دابەزیوە و بەنیسبەت ماوەی وێکچووی ساڵی ڕابردوو ٢٤ لەسەد دابەزینی هەبووە.

''مێهرداد جەماڵ ئەروەنقی'' جیگری فەنیی گومرۆکی ئێران وتوویەتی، بایەخی کاڵا بنەڕەتییە هاوردەکراوەکان لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا گەیشتووەتە ٨ میلیارد، ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە مانگی یەکەمی ساڵی ٩٨ بە ڕێژەی ١١ میلیارد و ٥٢٩ ملیۆن دۆلار کاڵای بنەڕەتی هاوردە کرابوو.

ئەو بەرپرسەی گومرۆکی ئیران باسی لەوەش کردووە کە لە بواری کێشی هاوردەکردنی کاڵا بنەڕەتییەکان لە ٩ مانگی ئەمساڵ بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو ٢ لەسەد دابەزیوە.

هەروەها پێشتریش ''مەهدی میرئەشرەفی'' بەرپرسی گشتیی گومرۆکی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە، لە ماوەی ٩ مانگی ئەمساڵدا ٢٥.١ میلیارد دۆلار هەناردەکردنی غەیرە نەوتیمان هەبووە کە بەنیسبەت ماوەی وێکچووی ساڵی ڕابردوو ٢٠ لەسەد دابەزیوە.

بەهۆی گەمارۆکانی ئامریکا زۆرێک لە وڵاتان ئاستی بازرگانییان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران کەم کردووەتەوە، هەروەها جیا لە گەمارۆکان، بەڕێوەبەریی سەقەت و پەرەگرتنی گەندەڵیی ماڵی، کەرتی بەرهەمهێنانی ئێرانی خستووەتە ژێر کاریگەرییەوە.