کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوسەرگیریی چوار هەزار کچی منداڵ لە پارێزگای خۆراسانی باکوور

10:51 - 2 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە ساڵی ڕابردوودا، لە پارێزگای کوردنشینی خۆراسانی باکوور، ئاماری دیاردەی هاوسەرگیریی کچانی منداڵ، لە سنووری چوار هەزار کەس تێپەڕی.

سەرەڕای ئەوەی کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ڕایان گەیاندبوو، کە ئاماری هاوسەرگیرییەکان لەم ساڵانەی دوایی لە ئێراندا چووەتە سەر و ناوەندە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیم ئاماری هاوسەرگیرییەکان لەو وڵاتەدا، لە نێوان ۲۵ تاکوو ۳٤ ساڵ بۆ سەرتر بەراورد کردووە، ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان باس لە ڕێژیەکی تۆمارکراوی زۆری ساڵی ڕابردوو لە دیاردەی هاوسەرگیری منداڵان و بەتایبەتی کچانی منداڵ، لە ئێراندا دەکەن.

لەم بارەوە، ماڵپەڕی "هێرانا"، ڕۆژی شەممە ۳۱ی خاکەلێوە، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کە تەنیا لە پارێزگای خۆراسانی باکوور، ئاماری هاوسەرگیریی کچانی تەمەن ۱۰ تاکوو ۱۹ ساڵ، لە ساڵی ڕابردوودا، لە سنووری چوار هەزار کەس تێپەڕیوە.

 عەلی زاهدینیا، بەرپرسی ناوەندی "سەبت ئەحواڵـ"ـی ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای خۆراسانی باکوور، لەم بارەوە ڕایگەیاندووە: لە ساڵی ڕابردوودا ڕێژەیەکی زۆر لە ئاماری هاوسەرگیریی منداڵانی تەمەن نێوان ۱۵ تاکوو ۱۹ ساڵ، لە پارێزگای خۆراسانی باکووردا تۆمار کراوە. بەڵام زۆرترین ئاماری تۆمارکراو هی کچانی نێوان ۱۰ تاکوو ۱۹ ساڵ بووە، کە نزیک بە ۱۰۵٤ کەس تۆمار کراوە.

چەواشەکارییەکانی ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە پارێزگای کوردنشینی خۆراسانی باکوور لە کاتێکدایە، کە ڕاپۆرتی ئامارە بڵاوکراوەکانی هەواڵدەرییەکانی خودی ڕێژیم، ئەو چەواشەکارییانە ڕەت دەکەنەوە و ڕێژیەکی زۆر زیاتر لەو ئامارەی کە ئەو بەرپرسەی ڕێژیم بۆ بەلاڕێبردنی ڕای خەڵکی ڕایگەیاندووە، تۆمار کراوە.

لەم پەیوەندییەدا، لە مانگی ڕەشەمەی ۹۷ی هەتاوی، عەلی کازمی، ڕاوێژکاری جێگری دەزگای قەزاییی ڕێژیم، ڕایگەیاندبوو: تەنیا ئامارە تۆمارکراوەکان لەسەر هاوسەرگیریی منداڵان لە ئێراندا، ڕێژەیان ۵۰۰ تاکوو ٦۰۰ هەزار کەسە، بەڵام کێشەیەکی گەورە کە لێرەدایە، تۆمار نەکردنی ڕێژەیەکی زۆر لە هاوسەرگیریی منداڵان لە ئێراندایە.

‌ئەو ئامارانەی کە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە دەرەوەی ئێران لەم بارەوە بڵاویان کردووەتەوە، زۆر زیاترن لەو ئامارانەی کە بەرپرسان و ناوەندە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیم ڕایانگەیاندووە.