کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوسەرگیریی ژنانی لاو لەگەڵ بەساڵاچوواندا پەرەی سەندووە

13:56 - 20 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ئەندامێکی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، باس لە پەرەسەندنی هاوسەرگیریی ژنانی لاو لەگەڵ بەساڵاچوواندا دەکات.

"ناهید تاجەددین"، ئەندامێکی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی مەجلیسی ڕێژیم لە لێدوانێکدا باس لە هۆکارەکانی پەرەسەندنی هاوسەرگیریی ژنانی لاو لەگەڵ بەساڵاچوواندا دەکات.

ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە بەشداریی ئابووریی ژنان لە ئێراندا بەسەختی دەگاتە ١٢ لەسەد و نرخی بێکاریی کچان و ژنانی دەرچوو لە زانکۆ زۆرتر لە ٦٥ لەسەدە، ئەم جۆرە هاوسەرگیرییانەی بە سروشتی ناو برد.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم ڕایگەیاندووە: "٧٠ لەسەدی ژنانی بێ هاوسەر، لانیکەم منداڵێکیان هەیە و تەنیا ١٦ لەسەدیان بۆ بژێویی ژیانیان کاریان هەیە".

هەروەها زیادی کردووە: "وێڕای ئەم هۆکارانە، سروشتییە کە ژنانی لاو، بە بۆنەی بژێویی ژیانیان هیچ چارەیەکیان نەبێت، جگە لەوەی لەگەڵ بەساڵاچوواندا هاوسەرگیری بکەن".

دۆخی خراپی ئابووریی ئێران وای لە ژنان و کچانی گەنج کردووە کە بۆ ئەوەی بتوانن بژین و سەرپەنایەکیان ببێت، لەگەڵ بەساڵاچووانێک هاوسەرگیری بکەن کە هەندێک جار زۆرتر لە ٥٠ ساڵ لەوان گەورەترن.